ناوێرم

لە کتێبی:
فرمێسک و زەردەخەنە
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  657 بینین
ئاهـ کە چەند لاسار و جوانی
گوڵی شادیم گەر هەبێ تۆیت
ئەگەرچی بۆ دڵم پشکۆیت
ساتێ داخم ئەکەی بەناز
ساتێ بەچاوی وەکو باز
بەجوانی خۆت ئەمبزوێنی
هەستی شیعرم ئەجووڵێنی
لەگەڵ ئەوەش کە ناوێرم
هەستی دڵمت پێ بسپێرم
نەک یاخی بیت لە خۆت بڵێی
من ئەو جوانەم ئەی تۆ خۆت کێی؟
بۆیە پێنووسم ڕائەگرم
باسی کەمێک جوانیت ئەگرم