ژووری مەیخانە

لە کتێبی:
فرمێسک و زەردەخەنە
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  896 بینین
ئەو ژوورەی ئەقڵ و خەمم تێدا ون کرد
من بەدڵ ئەمویست دوو دێڕ بنووسم
لەسەر ئەو خەمەی کە وا پێی پەستم
کە چی ئارەزووی کۆڕی مەیخۆران
خەیاڵی خەمیان بردم بە تاڵان
کەوتمە سەر باسی ژووری مەیخانە
کە خەم لە ناویا کەوتوو بێ گیانە
***
وەرە گلەیی سەرخۆش لە ساقی
بۆ ئەو دوو قومەی پێی ماوە باقی
قاقای پێکەنین زرنگەی پیاڵە
قڵپەی شەرابی کۆنی دە ساڵە
ئۆفی نوقورچ و زرنگەی بازن
ناز و لەنجانی مەیگێڕی شەرمن
گۆرانیبێژیش بە سەما و یاری
ئاوازی خۆشی لە زار ئەباری
هاتوچۆی مەمی لە سوخمەی تەنگی
ترووسکەی چاوی خەواڵوو مەنگی
دڵی مەیخۆری ئەخستە لەرزین
وەکو لەرزینی ڕانی بلوورین
پێستی پەمەیی ئەمەندە جوان بوو
ترووسکەی مۆمی بۆ پەرێشان بوو
لەگەڵ تاریکی ژووری مەیخانە
کردبووی بە شەڕ لەسەر ئەو جوانە
گەلێکی زۆریش هۆشیان نەمابوو
فریشتەی زمان لێیان تۆرابوو