کیژ و دڵداری

لە کتێبی:
فرمێسک و زەردەخەنە
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 2 خولەک  695 بینین
ئێسک سووکی نەشمیلە.. کە تۆ ئەوەندە سەرپێچ بی لە ژیان، وامنیش ناچار ئاواتەکەتم هێنایە دی.. فەرموو قسەکانی خۆت بخوێنەرەوە
من وام ئەزانی کەوا دڵداری
بەس گفتوگۆیە دوورە لە یاری
یا هەفتەی جارێک بچمە دیداری
بیگۆڕینەوە دیاری بە دیاری
کە چی ئەو کوڕە هیچ پرسی نەکرد
دەست و مەچەکی بۆ ناو قەدم برد
پاشان بێ ئەوەی کە پێی بزانم
ڕای کێشام هەتا گۆی مەمکانم
لە سنگی توند بوون وەک هەر دوو شانم
لافاوی شادی لە لەشما هەستا
لەتوێ توێی دڵدا لە قووڵی هەستا
وەکو خوێن گەڕا، بەناو دەمارا
لێو بوو شیرینی لێوی ئەمژی
شەپۆلی خۆشی بە لێوما پژی
دەمی کاممان بوو خۆشم نازانم
وەکو کارەبا ڕای ئەوەشانم
ماوەیەکی زۆر لەم بەزمەدا بووین
خۆمان نەخۆش و خۆمان دەوا بووین
لە نێوانمانا چاوی زمانزان
بۆ دڵی دوولا بووبووە تەرجومان
کۆتایی پێ هات یەکتر بینیمان
ئەو بەجێی هێشتم
منیش ڕۆیشتم
کە چی لەپڕدا هەستێکی تاوان
چووە دڵمەوە گورج ڕامی وەشان
تەنانەت وتم هەر کە ڕۆشتمەوە
بەگریە و تۆبە خۆم ئەشۆمەوە
خۆ کە ئەم خەڵکە ورد ئەبوونەوە
ئەموت: نزیکە پێیان زانیبێ
یا لەسەر کوڵمم جێگا دانی بێ
تاکو نیوەشەو ئازار پیشەم بوو
جیهانم لەلا هەروەکو تەم بوو
لە خۆم ئەپرسی، من تاوانبارم؟
یا وەک ئەم خەڵکە خاوەنی یارم؟
لە ژێر لێفەوە لەش ئەمایەوە
مەلی بیریشم ئەسووڕایەوە
تا لەپڕ دەنگێ ڕای کێشایەوە
گوێم لێ بوو باوکم
ورد ورد بۆ دایکم
باسی ڕابوردووی ئەگێڕایەوە
ئەو نوقورچانە ئەو مەم گوشینە
ئەو گازی کوڵم و زمان مژینە
یاوەکو خوێنی گازی ئەو لێوە
کە باسیان ئەکرد من قەت نەمدیوە
ئەوەی باسیان کرد ئەو شەوە تارە
کە گوایە تەنیا بۆ یادگارە
وەهای لە من کرد هەتاکو بەیان
بەشادی بنووم دوور لە خەم و ژان
چونکە لە ڕووم یەت بڵێم دڵدارم
بڵێم خەڵکینە من خاوەن یارم
ئیتر لە یارم قەت نابم بێزار
بەیانی خێرا ئەچینە دیدار
من سنگ توند ئەکەم لە سنگی گەرمی
سەریش ئەخەمە سەر ڕانی نەرمی
چونکە تێگەییم ئەوەی کە یەزدان
دروستی ئەکا و پێی ئەڵێن ئینسان
هەموویان تێکڕا ئەچنە ئەو شارە
کە خەڵکی ئەڵێن «شاری دڵدارە»