گوڵی من
لە کتێبی:
فرمێسک و زەردەخەنە
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
3 خولەک
1493 بینین
ئەو گوڵەی مانگی نیسان چاوەڕوانی بووم کە بڕوێت.. کە چی شوبات کردی بە ژێر بەفرەوە بەری نەدا
بەرەبەیان بوو تیشکی خۆرەتاو
قژی زێڕینی دەرئەخست تاو تاو
مەلی نەشمیلە بە دەنگی خرۆش
دڵی گوڵانیان ئەهێنایە جۆش..
ڕاستە بەهارە دەشت و کێو ئاڵە
گوڵان لە بەزمن.. دوورن لە ناڵە
گوڵێکی بەرزی گەش و پەڕە جوان
گۆرانی ئەوت بەستەی دڵداران
لەگەڵ شنەی با ڕووی چەرخانە لام
وەکو پێم بڵێ: ئەی لاوی نەفام
بۆچی بەو جۆرە تۆ چاوەنواڕی
بێجگە لە ئێمە بۆ کێ ئەنواڕی؟
بێجگە لە ئێمە جوانتر کوا؟... نییە
تەڕاییی گیانمان ئاوی کانییە
ڕەنگی بە بۆمان کەیلی سروشتە
هەناسەی زارمان شنەکەی وەشتە
پێم وت: گوڵاڵە تۆ کەی نەخشینی
وەکو گوڵی من فریشتەی ژینی؟
گوڵی من گشت کات دەم بەخەندەیە
جارێ گەشاوە و جارێ خونچەیە
چوار وەرزە لای ئەو سەوزە و بەهارە
ئەمساڵیش وێنەی گوڵەکەی پارە
گۆڕین و زەردی وەرین و پەستی
لای ئەو دیار نییە تۆش ئەیپەرستی
قەدی ناسک و سەوز و باڵایە
ڕووی ئاڵی یەکسەر جوانی نیگایە
لەم کاتەدا بوو گوڵی نازدارم
بە بەرگی ئاڵی هات بۆ دیدارم
کە گوڵاڵە دی پەنجەی نازک گوڵ
ئەکەوێتە سەر پەڕی نەرمی گوڵ
لەجیاتی سیسبوون ئەگەشێتەوە
وەک مانگی چواردە ئەدرەوشێتەوە
پەشیمانبوونی بە هەناسەی سارد
لەگەڵ بای شەماڵ بۆ منی هەنارد
وتی: تکایە گیانی شیرینم
ئەنجامیم وەرگرت... بایی بوو قینم
ئێستە ئەزانم چۆنە گوڵی تۆ
من بووم نەفامی تازە پشکوتوو
یەک داوام هەیە توو ئەو چاوانەی
توو ئەو جوانییە و پرچە پەخشانەی
ئەگەر پێشکەشم بە گوڵت نەکەی
لە بەرزی سوخمە لەو سەر مەمکەی
پێم خۆشە لەلای ئەو گوڵە جوانە
گەر هەڵیشوەرێم لەلام ئاسانە
پێشکەشیم کرد و لە جێگەی دامنا
داواکارییەکەم زوو بەجێ هێنا
کاتێک وەک لاولاو بە یەکا تەنین
پەڕەکانی گوڵ خێرا هەڵوەرین
کە لەسەر سوخمەی گوڵ ڕەنگینەوە
بە خەندە و قاقای پێکەنینەوە
گیانی خۆی بەخشی بە دڵدارەکەم
خۆ من گوڵیش نیم ئەی چۆن وا نەکەم
لە پەردەی دیدار شاد و کامەران
دوورکەوتینەوە لە غەمی ژیان
کەچی هێشتاکە دڵەم برسی بوو
بە دەم ڕێشەوە قوربانی ئەبوو
جا توخوا یاران ناهەقیان ئەگرن
کە گوڵ لە دووری گوڵاڵەم بمرن؟!
چۆن باسی نەکەم کە ئەو ڕەنگینە
بەو هەموو ماچ و گاز و گوشینە
نە ڕەنگی گۆڕا نە پەڕی ژاکا
نەوەک گوڵی تر جوانی بزڕکا
کەی بێ لە گوڵشەن هەمدیسانەوە
لەگەڵ گوڵاڵەی ئەم نیسانەوە
چاوم بە ڕووی گوڵ بکەوێتەوە
تا شادی دڵم بگەڕێتەوە
ئەوساکە بڵێم ئەوەیە شادی
دڵەی بێزارم ئێستا ئازادی