خەزان

لە کتێبی:
فرمێسک و زەردەخەنە
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  911 بینین
مەبەستم تەنیا دووری تۆ بوو، چونکە پێکەنینەکەت، بەهاری من بوو پێش ئەوەی کە بۆم دەرکەوێ خۆت پایزی
یاران بەهارتان دەم بە خەندەیە گوڵ ئەپشکوێنێ
هاڕەی کانییە بزە و قاقایە.. دڵ ئەبزوێنێ
کەچی لەلای من وێنەی پایزە و پڕ بە گریانە
لە باخی دڵما بەبێ پرس و گۆ.. شادی ئەمرێنێ
بەهارتان خۆشە بەزم و هەڵپەڕکێی وادەی گوڵانە
کەچی لە سەوزییم شین و شەپۆڕە و گەڵاڕیزانە
گەردوون چ دەمێ وەرزی بەهاران بەم جۆرە بووە
ئەگەرچی ژینم هەر چوار وەرزەکەی سەدای خەزانە
دەنگی شیرین و پڕ کامەرانیم لێ سەندراوە
لە جێگەی شادی ئەشکەنجە و ژانم بۆ بەجێ ماوە
دیارە ئازاری وەرزی پایزیش میراتی منە...
ڕاستە کە زەردیی گەڵاڕیزانیش بۆ من نەخشاوە