12

لە کتێبی:
ئەڵوەن
بەرهەمی:
ئەحلام مەنسوور (1951-2013)
 6 خولەک  1096 بینین

ئای ئامە

ئەم وێنەیە کە نازانم کەی و چۆن و لە چ کاتێکدا گیراوە، وا دەستم بە دەستی تۆوەیە و پەلکێشم دەکەیت... بۆ ئەم ئێوارەیە بەر دەستم کەوت؟.

ئەم گشت یاد و یاداشتانەت وەبیر هێنامەوە... بریا هەروەکو هەموو شەوانی بێئارامیم وەکو هەموو شەوانی فرمێسکاویم پەنام دەبردە بەر حەبەکانم و ڕێم لە یاد و سەختی ژیان و دنیای دەمامکدار دەگرت... بەڵام نازانم بۆ و چۆن بوو، بۆچی دەگەڕام وا ئەم وێنەیەم لە نێو کتێبەکانمدا دۆزییەوە.

بشێ تەنیا وێنەیەک، وێنەیەکی تەمەن نادیار، دنیایەکی خامۆش و فەرامۆشکراو زیندوو بکاتەوە؟...

ئەوا ئامە

ئامەی دایەن و مرۆڤ

نموونەی مرۆڤی کڵۆڵ

ئەم وێنەیە

ئەم یادگارە دەدڕێنم

بمبوورە هەی پیرۆزتر لە دایک

هەرکە وێنەکەم دڕاند و فڕەم دایە دەرەوە، ئەو شەوە هەر چییەکم کرد نەمتوانی بخەوم، هەڵسامەوە و دانیشتم و گڵۆپی ژوورەکەم هەڵکرد و دەستم دایە قەڵەمەکەم و هەرچەندم کرد جگە لەم چەند دێڕە زیاترم پێ نەنووسرا.

ئامە

ئامە مردی

بۆ دوا جار چاوەکانت لەیەک نا و ماڵئاواییت کرد.

ئەو جووتە چاوانەی

هەمیشە ئارامگای مناڵانی زۆڵ و ئاوارە و بێوە ژنان و

دەربەدەر و کڵۆڵان بوون...

ئەو چاوانەی

بێ ئارام و بێ ئۆقرە بوون.

ئەو چاوانەی

فرمێسکەکانی بووبوونە دەرمان و تەنیا

برینی هەژارانی ساڕێژ دەکرد

ئارام و دڵنەوایی پێ دەبەخشین

هێز و توانای باوەڕ بەخۆهێنان و سەرکەوتنیانی پێ دەبەخشین

بەڵێ ئامە

فرمێسکەکانی تۆ

دەرمانێکی ئەفسوناوی بوون

***

دڵت

ئەو دڵە بە سۆز و نەترسەت

بەهەشتی کەساسانی شار بوو

هەرچی خەم و پەژارەیییان هەبوو

تۆ کردبوونت بە تۆ و لە کێڵگەکانی

بەهەشتی دڵدا دەتڕواندن

بەهەشتی دڵت

هەزاران هەزار داری خەمی تیا ڕوابوو

کە بەری خەندەی دواڕۆژێکی ئاسودەیان گرتبوو

دڵت بەهەشتی هەژاران بوو

ئاوارە و دەربەدەر

بێوەژن و کچی خەڵەتاو

پەری و فریشتەی ئەو بەهەشتە دڵی تۆ بوون ئامە

ئامە دەتویست

خوێنی دڵت بکەی بەو ئاوە ئەفسووناوییەی

تاوانی تاوانباران بشواتەوە

گوناهی گوناهباران ڕاست کاتەوە

هەموو دز و درۆزن و جەردە و قاچاغچی

هەموو فێڵباز و خوێن مژ و ئاغا و دەرەبەگەکانیش

بەو خوێنە پیرۆزەی دڵت ڕێگەی ڕاست بگرن و لە خراپەکارییان دوور بخەیتەوە.

تا بەهەشتەکەی دڵت پیس نەکەن

جێگات بۆ هەموو کەسێ کردبووەوە

ئای ئامە... ئای بەهەشتی گەڕۆک و ئاوارە

ئەی هەمیشە خەمخواری مرۆڤی بێچارە

***

سەرت

نەک بەقەد گۆڕستانەکەی پاشا کۆپری

نەک بەقەد گۆڕستانە پیرۆزەکەی نەجەف

نەک بەقەد هەموو گۆڕستانەکانی جیهان

نهێنی چیرۆکی نەنووسراوەی تەمەنی ژیان

ژیانی مرۆڤ

مرۆڤی چەوساوە و هەژار

هەژاری بێ دەرەتان... لەناو ئەو سەرەی تۆدا

ئارامیان گرتبوو

ئەی ئامەی سەر گۆڕستان

ئەی گۆڕستانی گەڕۆک و ئاوارە

سەرت

نەزرگای خۆت بوو

سەرت

ئیمام و پیر و پیاوچاکان بوو

سەرت

دۆزەخی هەمیشەیی گیانی وێڵت بوو

ئامە سەرت

لەگەڵ ئەوەی گۆڕستان بوو

هەرچی نزای مرۆڤ هەبوو

هەرچی نوێژی بڕواداران هەبوو

ئا لەوێوە

بۆ بارەگای یەزدان ئەچوو

***

نەخوێنەوار و کەم دوو بوویت

کەسێ فێری نەکردبوویت

ڕەوشت چییە؟!

باوەڕ چییە؟!

کەسێ فێری نەکردبوویت

مرۆڤ چییە؟

خۆت تەنها خۆت

خۆتت فێرکرد

لەنێو درۆ و فێڵبازیدا

ڕاستیت ناسی، خۆتت فێر کرد کە ڕاستگۆ بی

لەنێو ڕیا و سەد ڕوویییدا

یەک ڕوو بیت و خۆت بۆ دەرکەوت

خۆت هان دەدا

خۆتت فێر کرد کەیەک ڕووبن

لەنێو دڵپیسی و درۆ و کینەدا

لەنێو ڕق و توڕەبوون و ئیرەییدا

دڵپاکی و هیمنی و چاوتێری و خاوێنیت وەدەس هێنا

لەنێو ترس و لەرزی بێکەساندا

لە کڕنۆشبردنی هەژاراندا

لەنێو پاڕانەوە و بێ دەسەڵاتی کڵۆڵاندا

هێز و سەربەرزیت وەدەس هێنا

ئەمانەت کردە پیتەکانی کتێبێکی

پپرۆزی نەنووسراوەی تێکۆشانت

خەڵکت فێرکرد

سەربەرز بژین

خەڵکت فێرکرد

بۆ سەربەستی خۆبەخت کەن

ئەی ئامە ڕەش

ئەی مرۆڤی ڕاستگۆ و یەک ڕوو

ئەی چاوتێری خاوێن و دڵپاک

ئەی سەربەرز

ئەی سەربەست

ئەی ئامە ڕەشی دایەن

ئەی مامۆستای نەخوێنەوار

ئەی تێکۆشەر

هیچ کەمتر نیت

لە ڕاهیبەیەکی دەربەردەر

هیچ کەمتر نیت

لەو کەسانەی کە وەکو پێغەمبەر

نامەی خۆیان

بەمرۆڤی کڵۆڵ و دڕەندە ئەگەیاند

ئەی ئامە

ئەی دایەن

پێغەمبەران نامەی خوایان پێ بوو بۆ ژیان

تۆیش نامەی مرۆڤت پێ بوو بۆ یەزدان

ئەی مامۆستای نەخوێندەوار

دایکی هەژار

شەو و ڕۆژت سۆز و بزەت

هێز و توانات

خەم و خۆشیت، پرسە و شادیت

هی خۆت نەبوو

موڵکی هەموو هەژاران بوو

هەر برسییەک

هەر بێ چارە و کوێرەوەر و ئاوارەیەک

گەر بە ئاستەم نووزەیێکی لە دەم هاتبا

هەرکەسێ با

هەژار، برسی... دەوڵەمەند، تێر

تاکو ئاغا و دەرەبەگیش

ئەو نووزەیە

لە دەروونی تۆدا جێگیر ئەبوو

ئەی مامۆستای نەخوێندەوار

***

دەستەکانت

ئای پیرۆز بوون

دەستەکانت خوێناوی بوون!!

دەستەکانت قوڕاوی بوون!!

زۆر جار خوێنی مناڵدانی ئافرەتێ... بێوە ژنێ

کچۆڵەیەکی خەڵەتاو

دەبووە خەنە و بزەی شادی دەخستە

سەر لێوانتەوە

ئا ئەو خوێنەی بووە خەنە

مەرگی کەسێ... دووان... سیان... بگرە زۆرتریشی

پێ دەپاراست

خەنەی خوێنی دەستت

ئابڕو و نهێنی بوو

بەڵێ ئەی مامۆستای نەخوێندەوار

ئابڕو و نهێنی بوو

دەستەکانت خوێناوی بوون

دەستەکانت قوڕاوی بوون بە شەو...

نەخێر ئەم دێڕانەش بێ سوودن و ئەوەندەی تر برینم ئەکولێننەوە، چیت بۆ بنووسم... ئامە گەورەتری لە نووسین.

پێش ئەوەی ئەم چەند دێڕەش وەکو وێنەکەی ئامە پارچە پارچە بکەم، زوو ڕووم لە شوشەی حەبی تریپ تیزۆل کرد ئەگەر شەوانی بەر لە ئەمشەو حەب و نیوێکم قوت دەدا ئەوا با ئەمشەو دوو حەب ئامادە بکەم بە ئەسپایی وردە وردە ئەو چەند دێڕەیشم دڕاند و پارچە کاغەزەکانم فڕێ دایە سەر پارچە وێنەکەی ئامە و گڵۆپەکانم کوژاندەوە و بەرەو جیهانی خەون چاوەکانم لە یەک نا بەڵکو سنگە ڕەشەکەی ئامە وەک چۆن لە مناڵیمدا فرمێسکەکانمی هەڵدەمژی ئەمجارە خەم و پەژارەییم هەڵمژێ و دەستە زبرەکانی بە میهرەوە بهێنێتەوە بەسەرما...