11

لە کتێبی:
ئەڵوەن
بەرهەمی:
ئەحلام مەنسوور (1951-2013)
 32 خولەک  927 بینین

زەینەب لەگەڵ بارێ ژان و شڵەژاوی و شەرمەزاری گەڕایەوە بۆ ماڵەوە هەرچییەکی دەکرد خۆی پێ نەدەگیرا، وای دەزانی هەر چۆنێ بجوڵێتەوە هەستی پێ دەکەن کە شتێکی کردووە، تووشی هیستریا هات و لە خۆیەوە بەربووە گیانی کچەکانی، بە چەپۆک تێیان بەربوو و حەسەن ئاغا هاواری کرد وتی:

- زەینەو ئەی دوێتەیلە چەیانە ئەرا گیرن؟.

- ئیمڕو پەنج شەمەس ئێوارەس، توام بچمە قەورسان، توام سەریگ لە قەور باوگ و دایگم بدەم وەخت خۆی خێر ئەرایانم ئەکردم و پارەمان بی و ئەرایان ئەچی ئیسە هیچمان نییە ئەرایان بنیرین توام بچمە پاشا کۆپری.

- ئەی دوێتەگان؟

- توان بان وەگەلم ئەرا قەورسان... منیش لە دڵم نێتیەد بۆمەیان توان وەچاو قایمیی خۆیان بکەفنە شوینم ناچارم کردن بدەم لە لییان.

- وەگەل کی چید؟.

- ها . وەگەل هاو ساگان.

- وە تەنیا نەچید.

- نە ... تەوقید؟ لە قەورسان چەهەس؟.

- فرە چشت هەس، بیلا یەکیگ لە کوڕەگان بچن وەگەلد.

- وەتم وەگەل هاوساگان چم.

زەینەب عاباکەی کێشایە سەری و دەرگاکەی لە پشت خۆیەوە گرت و بە پەلە کەوتە ڕێ، ئەوەندە بە پەلە بوو وایدەزانی ئێستا هەموو خەڵکەکە کەوتوونەتە دوای، لە ژێر پەچەکەیەوە هەر وەکو شێت سەیری ئەم لاو ئەولای دەکرد و چاوی ببوە کامێرایەک و لە کونەکانی پەچەکەوە سەیری ئەم و ئەوی دەکرد و هەستی دەکرد شار لە ژێر پێیدا دەسووڕێتەوە... زوو زوو دەستی درێژ دەکردە نێو لنگی خۆی ترسی ئەوەی هەبوو خوێن داچۆڕێتە نێو کالووشەکەی، هەستی دەکرد ئەڵوەن لەنێو مناڵدانیدا پەنگی خواردووەتەوە، زوو زوویش دەستی بۆ پەڕۆکەی نێولنگی خۆی دەبرد و چاکی دەکردەوە و دەیکردە پەرژین... ترسی ئەوەی هەبوو پەڕۆکە نەتوانێ بەرگری لافاوی خوێنەکەی بکات، لەبەر پەشۆکاوی نەیدەزانی پەڕۆ پەرژینەکە گەر لەبەر لافاوی خوێندا خۆی نەگرت ئەوا بە چ جۆرێ ئەو لافاوە ڕاگرێ کە نیازی داگیر کردنی شاری هەیە. ئیتر زەینەب لەنێو پەلەکردن و دەست درێژ کردن بۆ ناولنگی خۆیدا شڵەژابوو... زیاتر شڵەژانەکەی هەڵدەچوو کە زوو زوو ئاوڕی دەدایەوە دواوە تا بزانێ شوێن هەنگاوەکانی خوێناوییە یان نە و... شێت ئاسا ڕایدەکرد... دەیویست خۆی هێدی بکاتەوە کە ئاغا ژنە هێشتا خەڵکەکە بەهەمان ڕێزەوە سەیری دەکەن و دەبێ لەسەرەخۆ بڕوات... نەیزانی چۆن گەیشتە قەبرستان و کەوتە سەر کێڵی قەبرەکەی دایکی:

- دایە... دایە... ئامە ڕەسییە دادم. تووش بڕەسە دادم نازانم چە بکەم؟ خۆزگ ئیسە لەلاد بیاتام... وەخت خۆی نان و شامی و گوشت ئەراد ئەناردم... ئیسە ڕویم ڕەشە... خۆم و... هاتمە سە لاد... هیچم نیە بدەمە پید... بەوە جواو،، بڕە سەدادم لە حەسەن ئاغا و کوڕەگەی نەجاتم بدە... ئەرا هیشتید باوگم بدەدەمە حەسەن ئاغا؟ ئەرا؟ .

زەینەب وەکو شێت سەری خۆی دەکێشا بە کێڵی قەبرەکەی دایکی و هەستی دەکرد مردووەکان زیندوو بوونەتەوە و هەموویان بەم کارەیان زانیوە و پەنجەی تاوانباریی بۆ درێژ دەکەن، بەتف و نەفرەتی توڕەیێیەوە لێی نزیک دەبنەوە و ئاگری دۆزەخیان پێیە و پێش مەرگی دەیانەوێ ئاگرەکەی تێ بەر بدەن و بەزیندوویەتی بیسوتێنن. هەستی دەکرد لە چاوی مردووەکان بەتایبەتی مناڵە مردووە بێ گوناهەکان ئاگر دەردەپەڕێ و ووردە ووردە گەرمی ئاگرەکە بە لەشیدا سەر دەکەوێ... زەینەب سەری لێ تێکچوو بوو، هەناسەی سوار بوو بوو، تف لە دەمیدا وشک بوو بوو، چاوەکانی ئەبڵەق وەستا بوون، هێز لە لەشیدا نەما بوو، ئەژنۆکانی کەوتبوونە لەرزین، ئارەقی سارد بەناوچەوانیدا دەهاتە خوارێ، ڕەنگی مردووی لێ نیشتبوو، ووردە ووردە بەر چاوی تاریک دەبوو... دنیا لەبەر چاویدا ڕەش هەڵگەڕابوو، دڵی تێکچوو بوو حەزی دەکرد هەرچی ژان و ئازارو شەرمەزاری هەیە بە هێڵنجێ هەڵبێنێتەوە، وەکو بت لە جێیەکەی خۆی وەستابوو لە پڕ دەنگێ ڕایچڵەکان...

- لەیرا نامەی ناو قەور... کوڕیش بی... توو دوێتت فرەس...

ئەم دەنگەی ئامە وەک دەنگی خواوەندانە هێزی پێ بەخشی، بەر چاوی ڕۆشن بووەوە، وەک ئەوەی تازە لە دایک بووبێ هەستی بە خاوێنی و بێ گوناهی خۆی دەکرد، لە پڕهاتەوە سەر خۆی، عەبا و پەچە و کالووشەکەی فڕێدا و سەرپۆش و بۆیەمەکەی کردەوە وەکو شێت ڕایدەکرد، بەسەر ئەم کێڵ و ئەو کێڵدا دەکەوت. سنگی ڕووت کردبوو و شینی دەگێڕا و بە کوڵ دەگریا... هەرچی فرمێسکی پەنگاوەی هەبوو هەموو هاتنە خوارێ و هەر دڵۆپەیەک ڕۆمانێ لە کێشە و ئاوارەیی و بەدبەختی تیادا بوو... نەیدەزانی بۆ دەگری؟ بۆ لە خۆی دەدا؟ بۆ دایکی؟ . بۆ کوڕەکەی؟ کە پانزە ساڵ بە تەما بوو کوڕێکی ببێ؟ بۆ ڕۆژی ڕەشی خۆی؟

دەنگێ لە قەبری ئامۆزاگەی «عەلی» دەهات:

- خوازمەد ئەگەر زانستمە سەرم دانامەس.

زەینەب ئاگای لە کات و شوێن نەبوو، دەروێش ئاسا لە بازنەی یادەکانیدا بەرەو بیست ساڵی تەمەنی لەمەوبەری گەڕایەوە کە چۆن بۆ دوا جار لەگەڵ «عەلی»ی ئامۆزای لە ڕۆخی چەمەکەی دامێنی دێیەکەیاندا بۆ دوا جار ژوانیان کرد و ئیتر نەیبینیەوە.

«عەلی و زەینەب چەند یادگارییەکیان کردە خۆراکی خوڕەی چەمەکە و بە هێمنییەوە هەر یەکیان بەرەو ماڵی خۆی گەڕایەوە... ئەو شەوە زەینەب هەتا بەرەبەیان خەوی لێ نەکەوت، هەزاران هیوای ڕەنگاوڕەنگی لەسەر یەکتر هەڵدەچنی و نەخشەی دوا ڕۆژی بۆ داهاتووی لەگەڵ عەلی ئامۆزایدا دەستنیشان دەکرد».

کەچی بەرەبەیان بەدەنگی چەند تەقەیەک دڵی داخورپا و هاوارێکی سەیر لە دەمی دەرپەڕی و بەسەروپێی ڕووتەوە هاتە دەرێ.

«ئێستا نازانێ بۆ... یا چۆن خۆی لەبەر ماڵی عەلیدا بینییەوە، لەبەر ماڵی عەلیدا حەپەسا، بووە قیژە... خەڵکەکە کۆببوونەوە ئیتر زەینەب مێشکی بووە دۆڵێکی قووڵ و دەنگی ئەو تەق و هۆڕە لە مێشکی دەزرنگایەوە، بناغەی هیواکانی هەڵدەتەکاند لە حەیبەتا بەسەر دەمدا کەوت و لە خۆ چوو».

جار جارێ وڕێنەی دەکرد و جار جارێکیش دەپاڕایەوە، ئەوەندە بە کوڵ دەگریا تا بێ ئیرادە ئامەیشی هێنایە گریان و دامێنی کراسەکەی ئامەی گرتبوو پڕ بەدەم هاواری دەکرد و دەیوت:

- بیژ ئامە لە لیم نەشارەو.

- چە بیژم زەینەو؟

- ئامە بیژ... ئامە بوومە قورباند گچشتی گوزەشت دی لە لیم نەشارەو...

- خاس زەینەو... وەخت خۆی کە «حەسەن ئاغا» مامەد کردە قەچاغچی و پیاوی خۆی و ناردەی ئەی لاو ئەو لا...

- ئێ ئامە بومە قورباند بیژ.

- ئامۆژند فرە جوان بی حەسەن ئاغا چاوی نابییە بانی...

- ئێ.

- هویچ... باسەگە دویر و دریژە نێتوانم باسی ئەراد بکەم.

- ئێ زانم فامستم نیوە شەو حەسەن چێییە لای ئامۆژنم.

ئامە ئەوەندە لەگەڵ یادەکانیدا تێکەڵ ببوو، موو بە مووی باسەکان لە مێشکیدا سەمایان دەکرد، ئەو ڕۆژەی کە ئامۆژنی زەینەب مناڵەکەی بوو بە ئامەی وت: کوڕەگەم ناوی عەلییە.

زەینەب هەموو شتێکی بۆ دەرکەوت، زانی عەلی کوڕیە حن ئاغایە نەک کوڕی مامی، بەڵام ئەم نهێنییە تەمەن درێژە نەبووە ئەوەی گەردێ بکەوێتە دڵییەوە، بەڵکو زیاتر لە جاران زیاتر لەو ڕۆژانەی کە «عەلی» باوک و دایک و خۆشەویست و هاوڕێ و پشتی بوو...

زیاتر لە خەونەکانی... زیاتر لە هەموو شتێ سۆزی بەرەو «عەلی» هەڵچوو و زوو زوو بەزمان کێڵی قەبرەکەی «عەلی» دەلێستەوە و فرمێسکی گەرم و هەناسەی سارد و سەیر گەمارووی دابوو.

حەسەن ئاغا لە کاتی خۆیدا حەزی لە زەینەب کردبوو، دەیزانی «عەلی»ی کوڕیشی زەینەبی خۆش دەوێ و کۆسپە لە ڕێیدا... زەینەب ببوە مایەی شەونخوونی حەسەن ئاغا، ئەمیش ئامادە بوو سەری هەموو دونیا ببرێ لە پێناوی بە دەست هێنانی زەینەبدا... بڕیاری دا یەکێ لە پیاوەکانی بنێرێ عەلەی بکوژێ... ئەویش بەم شێوەیە بوو...

جارێکیان نووری - کە پیاوی حەسەن ئاغا بوو- چاوی پێوە بوو کە حەسەن ئاغا لە نوێنی دایکی عەلی دایە...حەسن ئاغا هەستی کرد کە نووری ئەم نهێنییە دەزانێ بۆ ئەوەی ئاشکرای نەکات بەرتیلی پێدەدا: لە هەموو ڕاوێکدا لە هەموو دەعوەتێکدا نووری یەکەم پیاوی بوو، جانتای پارەکەی حەسەن ئاغا بەدەستی نوورییەوە بوو... کەچی هەر دەترسا ڕۆژێ نووری ئەم نهێنیەی ئاشکرا بکات...

حەسەن ئاغا بە دووربین بینی عەلی و زەینەب لە ڕۆخی چەمەکەدا تێکەڵبوون و یەکتری دەگەوزێنن... ڕقی گەیشتە ئەو پەڕی پلەی تۆڵە سەندنەوە... سەد دینار و دەمانچەیەکی دایە نووری کە بەرە بەیان «عەلی» بکوژێ...

نووریش پشتی بە حەسەن ئاغا قایم بوو، دەیزانی بە ئیشارەتێ قایمقام و مودیر شورتە دەلەرزێنێت، بۆیە بێ هیچ موعارەزەیەک عەلیی کوشت، ئیتر حەسەن ئاغا بەم کارەی بەبەردێک دوو چۆلەکەی کوشت. زوو نوریی گرت و نەیهێشت فزە بکات و لەبەر چاوی خەڵکەکەدا چەند گوللەیەکی نایە ناوچەوانییەوە و دڵی زەینەبیشی بەم کارە ڕازی کرد، کە گوایە تۆڵەی بۆ وەرگرتووەتەوە، حەسەن ئاغا لە عەلی و نوری ڕزگاری بوو، تەنیا ئامە بەم نهێنییە دەزانێ. چۆن بەوە دەزانێ ئەمە نهێنێک بوو، ئامە نەیدەویست تەنانەت بۆ خۆیشی بیگێڕێتەوە...

زەینەب و ئامە قەبرستانەکەیان جێ هێشت و لەسەر دووڕێیانەکەدا جیابوونەوە...

جیابوونەویەکی یەکجاری بوو، ئامە بۆ کونجەکەی و زەینەبیش بەرەو چارەنووسی نادیاری خۆی ڕێی گرتە بەر.

لە بەرەبەیانی ئەو شەوەدا قیژە لە ماڵی حەسەن ئاغا هەڵسا و هەموو خەڵکی گەڕەگ زانییان زەینەب خۆی خنکاندووە.

***

حەسەن ئاغا کە سەرنجی ئامەی دەدا نەیدەوێرا لەبەر ئەو جووتە چاوانەی خۆی ڕاگرێ، زۆر جار خۆی ئامادە دەکرد بچێتە لای ئامە و هەرچێیەکی بووە و کردوویەتی بۆی بگێڕێتەوە و ئەو کردەوە بەدانەی کە لە ژمارە نایەت هەمووی بۆ باس بکات و پێی بڵێ:

«ئەوەنە کردەوەی خراو خراو کردمەس ئەوەنە عاڵەم کوشتمە، وەباس کردن نایەن».

کەچی هەر کە چاوی بە ئامە دەکەوت ئەژنۆی دەشکاو زمانی دەبەسرا و هیچی بۆ نەدەهات ناچار دەبوو لە ڕووی سەرنجە پڕ ماناکانی ئامەدا چاوەکانی شۆڕکاتە خوارەوە... ئامەیش وەک بڵێی دەروونی حەسەن ئاغای دەخوێندەوە لەم حاڵەتەدا پێی دەوت:

- ئیە گوزەشت... چەبوود بیلا بود... گووش مەتەکن... قسمەت و نسیب وە دەس خۆد نەوی تاوان باوگد بی... باوگد وەخراوی ئیوەتد کرد... و... تووش مڵاڵ بیدو هەرزەکار بید... کەس نەوی لە ڕەشمەد بگردئا ڕەشمەد بکیشد... دی وەگوورەی دڵ خۆد... دڵد چە ئەتواست کارەکەد ئەکردی...

حەسەن ئاغا هەر کە گوێی لەم قسانەی ئامە بوو ڕەنگی دەکرایەوە و هەناسەیەکی ساردی هەڵدەکێشا و بە هەردوو لەپ ڕوخساری خۆی دەشاردەوە و شەرمی دەکرد ئامە فرمێسکەکانی ببینێت و بە دەنگێکی نەرم و تێکەڵ بە ئاخ و هەڵکێشان و پچڕ پچڕ دەیوت:

- ئاخر ئامە چوین بچەمە لای خودا چەبیژمە پی؟ چاوەگانیشم کوور بینە ئەیە گشتی گوناح ئەوانەس... حەق ئەوانەس خودا سیندەی لە لیم... جاری فرە مایەس....

ئامە نەیدەهێشت حەسەن ئاغا قسەکانی تەواو بکات، بە دەنگێکی پڕ لە ڕاستی و سۆزەوە و بە سەرنجێکی پر لە دڵنەوایی بەخشین بێ ئەوەی بیەڵێ حەسەن ئاغا هەست بەوە بکات کە ئامە بەزەیی پیا دێتەوە پێی دەوت:

- گووش مەتکن خودا کەریمە....

- ئاخ ئامە چەنی گوناح بارم... چەنی عاڵەم دامەس وەکوشت!! چەند ژن خراو کردمە!

چەند ف 931 ماڵ ویران کردمە؟!... چەن...؟!!

- گووش مەتکن کردی نەکردی... گوزەشت.

ئەوی ڕاستی بێت حەسەن ئاغا مەبەستی ئەوە نەبوو ئامە دڵی بداتەوە و دڵنەوایی پێ ببەخشێ بەڵکو بە پێچەوانەوە حەزی دەکرد ئامە سەرزەنشتی بکات و پەنجەی تاوانی بۆ ڕاکێشێت و هەموو بەدکارییەکانی بخاتەوە یاد تا زیاتر بێز لە خۆی بکاتەوە، حەزی دەکرد ئامە یەکە یەکە تاوانەکانی دەستنیشان بکات، ئەم حەزەیش تەنیا لەبەر ئەوە بوو کە لە ڕاستگۆترین کەسێکەوە سەرزەنشت بکرێ نەک لە لایەن کەسانێکەوە کە ئەم ڕۆژەیان بەهەل زانیوە و ساتێ لە دەست نادەن نەک تانە و توانجی تێگرن بەڵکو هانی مناڵە وردکەیشی لێ دەدەن... بۆیە دەیویست ئەم شتانە لە ئامەوە ببیستێ نەک لە قادر و فەتحوڵڵا و عادل ئەفەندی و ئەوانی تر کە ئێستا لە پێش خەڵکەوە دەڕۆن و «با-و-بژی-و-با-و- بڕوخێ و باو بڕوخێ»یان دەکرد کە لەوە بەریش هەموو شتێکیان بۆ حەسەن ئاغا دەکرد هەتا گەوادیش.

وەک بڵێی ئامە هەستی بەو حەزەی حەسەن ئاغا کردبێ و بۆ ئەوەی زیاتر بە خۆیدا بچێتەوە و فرمێسکی پەشیمانی و هەناسە ساردەکانی هەندێ لە گوناحەکانی بیشۆنەوە...

بۆیە لەسەر یەک دڵی دەدایەوە و چەند جارێکیش دەیوت:

- گووش مەتکن کردی نەکردی گوزەشت.

ئەم قسانەی ئامە لە باتی ئەوەی سۆزی حەسەن ئاغا بجووڵێنێتەوە کەچی قەتماغەی برینە کۆنەکانی هەڵدەدایەوە، هەموو وشەیەکی دەبووە خوێ و دەیکولاندەوە... بۆیە پاش ئەوەی ئامەی جێدەهێشت ڕقی دەروونی دەکوڵاو تووڕە بوون بەرچاوی دەگرت و لە هەموو شتێ بێ ئومێد دەبوو و بڕیاری دەدا تاوانێکی ئەوتۆ بکات هەرچی تاوانی لەمەوبەری هەیە ڕاماڵێ ئەویش ئەوە بوو بیری لە کوشتنی ئامە دەکردەوە... جاران کە کەسێکی دەکوشت بە دەسەڵات و دەوڵەمەند بوو هەرچەند دەقیقەێک ویژدانی ئەزیەتی دەدا و لە بیری دەچووەوە و خەریکی پارە و قاچاغچیەتی و دەعوەت و دەعوەت کاری دەبوو ڕەنگیشە گەلێ جار هەر لەبەر حەزێکی ساتی خۆی لەبەر هیچ نا، تەنیا حەز، خەڵکی ئەزیەت دەدا، دادەمرکایەوە بەوەی خەڵکەکەی ئەبینی لەبەر دەستیا زەلیلن و دەپاڕێنەوە و جار جارێکیش پێڵاوەکانی ماچ دەکەن... بەڵام بیرکردنەوەی لە بڕیاری ئەم دوا تاوانەی جۆرێکی تر بوو... ئێستا نە دەسەڵاتی هەیە و نە پارە... نە کەسێکیش بە پیاوی دەزانێ، هەتا ژنەکانی و مناڵەکانی لێی بێزارن، یادە ڕەشەکانی دەرونیان هەڵکۆڵیەوە بۆ ئەوەی ئەو تروسکاییەی لە ناخیا ماوەتەوە ئەویش خامۆش کات... تروسکایەکەش ئەوە بوو کە هەندێ جار پاکانەی بۆ خۆی دەهێنایەوە کە گوایە مرۆڤە و خۆ مرۆڤیش خراپەی هەر لێ ڕوودەدا... پاشان خۆ هەر ئەو بەتەنیا خەتابار نییە بەڵکو نیواو نیوی مرۆڤەکان خەتابارن، هەر کە خۆی لەگەڵ فیرعەون و هیتلەر و مۆسۆلۆنیی و جەنگیزخان تەیمور لەنگ بەراورد دەکرد زیاتر تروسکاییەکەی دەروونی دەگەشایەوە... بەڵام تەنیا قسە نەرمەکانی ئامە ئەو تروسکایەشی نەدەهێشت، بۆیە کوشتنی ئامە ببوە دوا مەبەستی... ئەویش نەک هەر لەبەر ئەوەی ڕقی لە ئامەیە و خۆشی ناوێ بەڵکو بۆ ئەوەی ئیتر هیچ بەزەیێکی بە خۆیدا نەیەتەوە ئەم بڕیارەی دابوو.

***

ئێوارەیەکی درەنگ، هەمو ڕیشۆڵە و چۆلەکەکانی سەردار، قەڵەم تۆزەکانی سەر شۆستەی شەقامە گەورەکەی شار بە جریوە جریوێکی بە سۆز، ماڵئاواییان لە هەتاو دەکرد کە وردە وردە ڕەنگە خوێناوییەکەی لە ئاسۆدا تاریک دەبوو... خەڵکە هەریەکەو بە جۆرێ لەناو دنیای خەیاڵی خۆیدا بەلایەکا دەچوو، کرێکارەکان زۆربەیان دەستەسڕی گەورەیان لە نان و سەموون پڕ کردبوو، بەرەو لای ماڵ و مناڵەکانیان دەچوون، ناوە ناوە هۆڕنی ئوتوومبیلێک سەری بە هەندێکیان بەرز دەکردەوە و ناوەڕاستی شەقامەکەیان جێدەهێشت و دەچوونە سەر شۆستەکانەوە، حەسەن ئاغا لە ئەوبەری شەقامەکەدا وەکو تارماییەک وردە وردە دەجووڵایەوە، بە قورسیەوە هەنگاوی دەنا و لەژێر هەردارە قەلەم تۆزێکدا بۆ چەند ساتێ دەوەستا و گوێی هەڵدەخست و جریوە جریوی مەلەکان هەندێ هێمنی و ئارامییان پێ دەبەخشی و گەلێ جاریش سەنگی جەستەی دەخستە سەر گۆچانەکەی دەستی و لە تێڕامانێکی سەیردا خۆی ون دەکرد، گەلێ جاریش چاوە کزەکانی ئەبڕییە بۆشاییەوە تا ماوەیەک نەیدەتروکاند، ئەوەی حەسەن ئاغای بەم چەشنە بدیبا بێگومان دەیوت:

- بخۆرەی ئاخر شەڕ وەها شەل و شیت بیدە.

ئەو ئێوارەیە حەسەن ئاغا وای دەزانی هەموو ئەو کەسانەی بە شەقامەکەدا تێدەپەڕن، هەریەکەیان لیستەیەکی پێیەو تاوانەکانی حەسەن ئاغای تیا تۆمار کراون، بۆیە ئەوەندە بە نەرمییەوە هەنگاوی دەنا تا زیاتر خەڵک بیبینێ و زیاتر هەست بە تاوانەکانی خۆی بکات، هەتا لە شەقامەکەوە گەیشتە کونجەکەی ئامە، دوا بڕیارەکەی لە مێشکیدا چەسپی و هیچ ڕێیەکی بۆ پاشگەزبوونەوە نەهێشتەوە، هەر کە لە دەرگای ماڵی ئامەوە خۆی کردە ژورێ بە دەنگێکی بەرز بانگی کرد.

- ئامە.

- ها، بەلی.

- نەییژ بەلی... بیژ قوزەڵقورت... ئینشائەڵڵا کوور بید، بمرید.

- ئەرا؟ ئاغا... من دوعای شەڕ ئەرا کەس نێکەم، خودا قەبوڵ نێکەد.

- خودا قەبوڵ کەد و زیاتریش. کار وە پید دیرم، بزام جورعەت دیرید کارەگەم جی وەجی بکەی؟

- چەس ئاغا خێرە؟

- ئەگەر ئەی کارە ئەرام کردید بوودە کوپری و بە دەدە جەننەت.

- جەننەت!! هە! جەننەت هالە کوورە؟ وە دەس کی کەفد؟ دونیا خۆی قیامەتە.

................- - فەرموو.

- نێویرم بیژمەی، بەس توو قەسەم بخۆ ئەرام جی وەجی بکەیدەی تا.

- ئاغا خاس زانید من وە هەوانتە قەسەم نێخوم هەر خۆم قەسەم نێخۆم خاس شارەزای تەبیعەتمید. ئێە چەتواید؟ دوێتەگاند ئیوەت بکەم؟ وە بان چاو، حەوشەگەد پاک بگەم؟ وە بان دیدەگانم... من خۆم گچشتی ئەراد کەم وە ڕج لەوە توو داوا بکەید.

- بە. بەس . بەس ئامە بەس، هەی هاوار هەی هاوار.

- ئاغا چەدە ئیمەشەو وەک جاران نید.

- ئیمشەو من پووقە کەم ئەگەر...

- ئەگەر چە؟

حەسەن ئاغا هەرچییەکی کرد نەیتوانی مەبەستەکەی خۆی بۆ ئامە بدرکێنێ و نەیدەزانی بە چ شێوەیەک تێی بگەیەنێت کە هاتووە بیکوژێ. بەڵام چ کوشتنێ؟ نەک ئەو کوشتنەی کە ڕق و توڕەیی دەبێتە چەک بەڵکو دەیوست خۆشەویستی و سۆزی خۆی بکات بە چەک و ئامە بکوژێ و ئامە پێبکەنێ و قاقای پێکەنینەکەی لە مێشکیدا دەنگ بداتەوە و ئەمیش بە خوێنەکەی ئامە دەست و پێ و سەر و چاوی خۆی سواخ بدات و بکەوێتە ناو شارەوە و پڕ بەدەم هاوار بکات: «من ئامە کوشتم...! من تاوانبارم.! ئەیە ئەوەڵ و ئاخر تاوانەگانمە بان وەدار وەکوچگ وەتف ڕەجمم بکەن».

ئامە ئەوەندە بەنەرمییەوە قسەی لەگەڵدا دەکرد، حەسەن ئاغا نەیدەتوانی هیچ بڵێ و نەیشیئەزانی چۆن سەیری چاوەکانی ئامە بکات ئەوەندە پەشۆکا بوو زمانی تەتەڵەی دەکرد. لەلایەکەوە ناحەقی نەبوو، چونکە هەر لە ئێوارەوە کە بە شەقامە گەورەکەدا تێدەپەڕی لەناو دنیای خەیاڵیدا ون ببوو و جووتە چاوە زەردە خەواڵووەکانی مەریەمی ژن برای ببوە دوو پشکۆ و ئاگری دۆزەخیان لێ دەردەپەڕی، لە شەقامەکەیدا کە سەنگی خۆی دەخستە سەر گۆچانەکەی و سەیری بۆشایی دەکرد، ڕووداوەکانی پانزە ساڵ لەمەبەر بە وردییەوە بەبەر چاویا تێدەپەڕین، بە تایبەتی ئەو ئێوارەیەی کە چووە خوازبێنی مریەمی ئامۆزای خۆی بۆ سەعید ئاغای برای کە تەمەنی بیست ساڵان بوو، گەنجێکی ڕوح سووک و خاوەن دڵێکی بەسۆز بوو، عاشقێکی بێگەردی مەریەمی ئامۆزای بوو کە لە دێیەکەی ئەوبەریاندا باغ و بێستان و ماڵ و ماڵاتێکی زۆریان هەبوو... ئەو ئێوارەیە حەسەن ئاغا دڵی زۆر خۆشبوو کە ئەوڕەحمانی مامی بە دڵخۆشیەوە مەریەمی کچی پێشکەش بە سەعید ئاغا کرد... حەسەن ئاغا کە سەعیدی بینی ئەوەندە دڵخۆشە ئەمیش لە خۆشیا دەگەشایەوە، بۆ یەکەمجار لە هەموو تەمەنیا بێ ڕیا و مەبەست هەرچی هەژارەکانی ئەو دەور و بەرە هەبوو هەموویان کەوتنە بەر خێر و خێراتی حەسەن ئاغاوە... کاتێ کە مەریەمیان بۆ سەعید ئاغا گواستەوە حەوت شەو و حەوت ڕۆژ شاییان بۆ گێڕا... بەڵام هەر پاش مانگێ شەوێکیان حەسەن ئاغا بە جێبەکەیەوە کە لە شار گەڕایەوە بۆ دێ، دەعوەتی قایمقام بوو، زۆر سەرخۆش بوو، بە خۆیدا دەهاتەوە، لە گەلێ شت ببووەوە، درەنگ گەیشتەوە ماڵەکەی و چووە ژوورە تایبەتییەکەی خۆیەوە، هەوڵیدا بخەوێ، خەوی لێ نەکەوت، هەتا بەرەبەیان هەر گێنگلی دەدا، وێنەی مەریەمی لەبەر چاو لانەدەچوو، وا ڕێکەوت ئەو شەوە سەعیدی برای لە ماڵ نەبوو دەیزانی سەعید لە ماڵ نییە، چووە سەر جێیەکەی مەریەم، زۆری لێکرد، دەمی بەست و ئابڕوی برد پاشان گەڕایەوە و لە ژوورەکەی خۆیدا خەوت.

سەعات هەشتی بەیانی بەدەنگی گریانی خەڵکەکە بە خەبەر هات.

وەک شێت هەڵسایە سەر پێ، پێیان وت مەریەم خۆی کوشتووە، خۆی گەیاندە ژوورەکەی مەریەم، بینی خەڵکی لەسەر تەرمەکەیدا وەستابوون و دەگریان، دەستی ڕاستی مەریەم توند چەقۆیەکی گوشی بوو و لەسەر سنگی خۆیدا بوو و خوێنەکەی ئەو ناوەی سوور کردبوو... حەسەن ئاغا بەرچاوی تاریک بوو، بۆ یەکەمجار لە تەمەنیا ترس ڕێی بەناو دڵی برد، ڕەنگی تێکچوو، هەر بەدەوری خۆیدا دەسوڕایەوە... هەتا چەند مانگێ پاش خۆ کوشتنی مەریەم حەسەن ئاغا وڕ و کاس بوو... بەڵام لە پاش ئەوە ئیتر لە بیری چووەوە ئینجا زیاتر خەڵکەکەی ئەزیەت دەدا و زۆری پێ خۆش دەبوو دەوروبەری خۆی بە زەلیلی ببینێ...

حەسەن ئاغا هەتا گەیشتە کونجەکەی ئامە ئەم وێنانە بە بەرچاویا تێدەپەڕین، وەها گێژی کردبوون حەزی دەکرد ئەم نهێنیەش بۆ ئامە ئاشکرا بکات و بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە بڵێ من ئابڕوی مەریەمم برد و پاش چەند مانگێکیش لە ترسی ئەوەی ئەم نهێنییە ئاشکرا نەبێ سەعیدی براشم دەرمان خوارد کرد و کوشتم... حەسەن ئاغا بەرامبەر بە ئامە دانیشتبوو زۆری لە خۆی دەکرد پێش ئەوەی بڕیارەکەی بەجێ بێنێ ئەم نهێنیانەی بۆ ئامە ئاشکرا بکات، بەڵام نەیتوانی، پاش نەختێک دانیشتن داوای ئاوێنەی لە ئامە کرد...

نەخشەی وا کێشابوو کە پاشی ئەوەی پڕ بەدڵ سەیری خۆی بکات و بە جوانی هەموو تاوانەکانی خۆی ببینێ... زۆر سەیری ڕوخساری خۆی کرد و بێدەنگ بوو، ئامەیش هەروەها بێدەنگی دایگرتبوو.

حەسەن ئاغا ئاوێنەکەی شکاند، ئامە هیچی لێ نەپرسی و حەسەن ئاغاش هەر بێدەنگ بوو، پارچەیەکی گەورەی لە ئاوێنە شکاوەکە گرتە دەست بە مەبەستی ئەوەوە هێرش بەرێتە سەر ئامە و سەری بەو پارچە ئاوێنە شکاوە ببڕێت بەڵام نەیتوانی لە جێیەکەی خۆیەوە هەڵسێ، جارێکی تر لە پارچە ئاوێنە شکاوەکەدا سەیرێکی خۆی کردەوە و پارچە ئاوێنەکەی چەقاندە سەر دڵی خۆیەوە.

هاوارێکی نزم لە دەمیەوە هاتە دەر، خوێنی سەر سنگی حەسەن ئاغا کونجەکەی ئامەی پیس کرد... ئامە ویستی فریای کەوێ بەڵام بێ سوود بوو، کار لە کار ترازا بوو...لە دەقیقەیەکی کەمتردا حەسەن ئاغا گیانی دەرچوو...ئامە سەری لێ تێکچوو، نەیزانی چی بکات، کێ باوەڕی پێدەکات کە حەسەن ئاغا خۆی خۆی کوشتووە؟ بە دەور تەرمەکەیدا وەکو شێت هەر دەسوڕایەوە.

***

- میمی توو باوگم کوشتید.

...................- ئامە نەک هەر تەنیا بێدەنگ بوو بەڵکو هیچ شتێکیشی نەدەبیست، ئەوەتا لە پۆلیسخانەدا کچەکانی حەسەن ئاغا پەنجەی بۆ درێژ دەکەن...

هەرچی پرسیارێکی مەئموور مەرکەز لێی دەکرد ئەم لە بەرامبەریدا بێدەنگ بوو، تەنانەت وەڵامی پرسیارەکانیشی نەدەدایەوە.

- ناود چەس؟

............... - - عومرد؟

............... - - خەڵک کوورەی؟

............... - - حەسەن ئاغا کوشتید یان نە؟

............... - - وەچە کوشتیدەی؟

............... - - ئەگەر قسە نەکەی مەعنای ئەوەس کە وەدەس خۆد کوشتیدە سەی.

............... - مەئموور مەرکەزەکە نەیدەزانی بە چ زمانێک و بە چ جۆرێک ئامە بێنێتە قسە، ئەم هەواڵە لە یەک دوو سەعات کەمتر هەموو شاری وروژاند، گەورە و بچووک تووشی سەر سوڕمان هاتبوون...

- ئامە ڕەش حەسەن ئاغا کوشتیە.

هەندێ ژن و ژاڵ ئەوەیان دەسەلماند کە ئامە زۆر لە مێژە ئەمەی لەلای خەڵکیدا وتووە کە دەبێ ڕۆژێ حەسەن ئاغا هەر بکوژێ... هەندێ ئافرەتی تریش بەرپەرچی ئەم بوختانەیان دەدایەوە و بەرگریان لە ئامە دەکرد، زۆربەی حاجییەکان باوەڕیان وا بوو کە ئامە ئەم کردەوەیەی کردووە، هەندێکیان لەسەر یەک دەیانوت: لاحول وەلا قوەتە ئیللا بیللا.

ئەم هەواڵە لە هەموو ڕوداوەکانی لەمەوبەر شاری کاریگەر تر کردبوو، لە چایخانە و کۆڵان و بازاڕ، لە ماڵان هەتا لە مزگەوت و قوتابخانە و نەخۆشخانەکانیشدا لەم دەم بۆ ئەو دەم ئەم هەواڵە بازی دەدا، وەکو ئەوەی درمێکی ساری کەوتبێتە ناو خەڵکەوە ئاوها بەم هەواڵە وروژابوون.

ناهەقیان نەبوو. یەک دوو ڕۆژێ تا پرسەکەی تەواو بوو باس هەر باسی ئەو ڕووداوە بوو و هەرکەسە بە جۆرێ لێکی دەدایەوە... زۆری نەخایاند باسێکی تازە سەری هەڵدا کە گوایە «ئەمین هیتلەر»ی حەس حەس لە چایخانەکەی «ئەڵڵا وێردی» دا بۆ ئەو سێ چوار زەلامەی خەڵکی قۆرەتوو باسی کردووە کە ئەمڕۆ هەر سەر لە بەیانی «مچە» چووەتە بەر دەستی معاون بهجت و وتوویەتی:

- من وە دەس خۆم حەسەن ئاغا لە ماڵەگەی ئامە ڕەش کوشتم.

لە پێشا معاون باوەڕی پێ نەکردووە بەڵام مچە هەر لەسەر قسەکەی خۆی سوور بووە، «میتی» کە لە پشتی ئەو سێ چوار کەسەی خەڵکی قۆرەتوودا دادەنیشێ و دۆمینە دەکا گوێی لەم قسانەی ئەمین هیتلەر دەبێ... دۆمینەکەی جێ دەهێڵێ و دەکەوێتە ناو شارەوە و ئەم قسەیە بڵاودەکاتەوە...

خەڵک زۆری لا سەیر بوو کە یەکێکی وەکو مچە دەتوانێ یەکێکی وەکو حەسەن ئاغا بکوژێ، پاشان مچە و حەسەن ئاغا پەیوەندییەکی دیارییان بەیەکەوە نەبوو و کەس بەیەکەوە نەیدیبوون. سەرەڕای ئەو ڕاستییانەش حەسەن ئاغا لە ماڵی ئامەدا کوژرابوو...

کەسێکیش ئەو ئێوارەیە مچەی لەو گەڕەکەدا نەدیبوو... لە سەرەتادا وایان زانی مچە شێت بووە، هەندێ کەسیش دەیوت: نە باوە شیت چە، خەڕگ وەبان سەر حەسەن ئاغا...

دیارە بۆ ئەوە دەڵێ من حەسەن ئاغام کوشتووە تا بیبەنە حەپسخانە ئیتر لەوێ نان و جێی خەوتنی دەست دەکەوێ، بە هەر جۆرێ بێ حەپسخانە بۆ ئەو باشترە لەوەی هەمیشە لەسەر جادەکان بسووڕێتەوە و هەر ڕۆژە و ئیشێک بکات، هەر هیچ نەبێ بەبێ ئیشکردن نان دەخوا و جێی خەوتنی دەست دەکەوێ.

لە لایەکی ترەوە هەندێ لە خەڵکەکە بە تایبەتی ئەوانەی لە کاتی خۆیدا چڵکاوخۆری حەسەن ئاغا بوون و لە ماڵەکەیدا نۆکەری و ڕەنجبەرییان دەکرد باوەڕیان وابوو کە مچە ڕاست دەکات و دەیانوت: مچە گەورا بییە و زاند حەسەن ئاغا چەنی تەعەدا لە دایگی ئەکرد، دی هەق خۆی و دایگی لەلی سەند. هەندێکی تری خەڵکەکە لە نێوانی باوەڕ و گوماندا بوون، هەر ساتەو بە جۆرێک دەگۆڕان و ڕای خۆیان دەردەبڕی.

لە کاتێ کە هەواڵی کوژرانی حەسەن ئاغا گەیشتە مچە، مچە نەیدەزانی چی بکات، باوەڕی بە قسە جۆراوجۆرەکانی خەڵکەکە نەدەهێنا نەیدەزانی چی بکات، ناوبەناو بەدەنگی بەرز دەیوت: نە نە ئامە ڕەش حەسەن ئاغا نەکوشتیە. ئامە پیاو کوژ نییە.

ئەم هەواڵە گێژی کرد، بەر چاوی تاریک بوو لە هیچ شوێنێکدا ئۆقرەی نەدەگرت.

نەیدەزانی بە چ کۆڵانێکدا دەڕوات و مەبەستی چییە، لەم هاتوچۆ کردنە، بەدەم ڕۆیشتنەوە وڕێنەی دەکرد ئەو ساتە سامناکەی دەهاتەوە پێش چاو کە لە گۆڕستانەکەدا دایکی خۆی دەنایە چاڵ و ئامەی بینی و گفتوگۆی لە گەڵدا دەکرد بە تایبەتی ئەم وشەیەی هەر لە گوێیدا دەزرنگایەوە.

«ئامە بیژ من کوڕ کیم؟ باوگم کییە؟ بیژ............. نەشارەوەێ!.» مچە ئەگەرچی سەرتاسەری ئەو ڕۆژە نانی نەخواردبوو و زۆری برسی بوو ئەم هەواڵە نانی لەبەر چاو خستبوو، دڵی تێکدەچوو. وردە وردە هەنگاوەکانی بەرەو ماڵی مەلیحە برد... لە پێشدا مەبەستی نەبوو بچێتە لای مەلیحە کە لە پڕ خۆی لەلای مەلیحەدا بینی، وەئاگا هاتەوە، لێی نزیک بووەوە... ئەگەر چی لەمەوبەر مەلیحە وەکو نەفەر سەیری مچەی دەکرد کەچی ئەمجارە نەخێر... زمانی یاخی بوو... قایل نەبوو خۆی بۆ ڕووت کاتەوە...

مەلیحە بەرامبەری دانیشت وەک ئەوەی نهێنییەکی پێ بێ بە ترسەوە بیدرکێنێ بە مچەی وت:

- ئامە حەسەن ئاغا کوشت، عاڵەم وەها ئیژن.

مچە بێدەنگ بوو، مەلیحە دووبارەی کردەوە، بۆ یەکەمجار مەلیحە هەستی بەوە کرد کە مچەیش وەکو خۆی کڵۆڵە، ئەگەر چی مچە یەکەم کەس بووە بەرەو ئەم کار و دەرگایەی ناردووە بەڵام دەبێ هەردووکیان هەست بەو گەورەیی و ڕوحە پاک و خاوێنەی ئامە بکەن.

مچە چاوەڕێی ئەوەی دەکرد مەلیحە سەرزەنشتی بکات و بێدەنگی ئەم ماوەیەی بتەقێنێتە سەرییەوە... مچە حەزی دەکرد جنێویشی بداتێ و پێی بڵێ گەواد، تەرەس، هەرچی خراپە پێی بڵێ، ئازاری هەرە گەورەی مچە بێدەنگییەکەی مەلیحە بوو، ئەمڕۆ مەلیحە بێدەنگ نییە... مچە بێ دەنگە و چاوەڕوانە...چاوەڕوانی سەرزەنشت و تف و جنێو دەکات، کەچی مەلیحە بە هێمنییەوە لە گەڵیا دەدوێت.

- مچە... ئەگەر تووش نەویاتا ید من هەر بەختە ڕەشەگەم ئە هاوردمە بان ئەی کارە...

خەتای توو نەوی... خەتای باوە ژنم بێی... خۆشم ترسنۆک بیم و ئەی کارە قەبوڵ کردم ئەگەر خاس بیاتام خۆم ئەکوشتم بەس چەبکەم بێدەسەڵات و ترسنۆکم... بیمە سە گوناه هەڵگر... قەچاغچی و داڵە و خۆر تێن و بار گوناهیان خەنە بان شانم... گشت ڕۆژێک گشت شەویگ... عاڵەم وە نۆرە وەسن ئەرام... هەر دەقەییگم مردنیگە . ڕۆژی هەزار جار مرم و زینگەو بووم... مچە سویچ توو نەوی ئەوها لە چارەم نویسریاس، خودا لە چارەم نویسانێسەی... ئامە نەهیشت خۆم بکوژم... خۆشم ترسنۆک بیم... بێدەسەڵات بیم گشت ڕۆژی ئەهات و گوش لە لیم ئەتەکان و سەبووری ئەدایە پیم... مچە نە... هەر خەتای توو نەوی... خەتای خۆم بی... بەدبەخت بیم... چارە ڕەش بیم... نەگبەت بیم... ئاخر شەڕبیم...خەڕگ چیبیە بان سەرم... ئی ئهی...ئهی بەدبە... ئهی خت بیم... هەر ئهی لە... لە ئەوەڵ ڕۆژەو ئهی... ئای دایە... نازانم گوناهم ئهی چەبی وەها ڕەسیمە ئەی حاڵە... ئەی جەورە بکیشم؟...مچە تووش وەک من کەم بەدبەخت نەوید... خودا زاندکی ئیژد لەمن بەدبەخت و نەگبەت ترنید... بەس توو پیاوید توانید قسە بکەید... من نێتوانم قسەش بکەم... ئەگەر قسەش کردم چە لە دەسم تێد؟ شکات لەلای کی بکەم؟ کێ؟ لەلای خوداش شکات کردم. ئا هەر مەلایکەت مایە نەپەڕدە ئەی بەر... مچە کی تواید بەس بپرس حاجیەگان؟ هە! مومەڵاگان؟ فەقیەگان؟...ئەو چشتە من زانمەی توو نێزانیدەی.

مەلیحە دەیویست بڵی ئەم کارە قوتابخانەیەکی سەیرە و مرۆڤ فێری زۆر شت دەکات و لە ماوەیەکی کەمدا هەموو دەمامک لە ڕووەکان ئاشکرا دەکات و ڕوخسارە ڕاستەقینەکان دەبینێ... کەچی مچە حەزی بەم قسانە نەبوو، چونکە خۆی بە جۆرێکی تر لە نێو ئەم بەدکارییەدا دەتلایەوە و هەزار دەمامک لە ڕووی ئاشکرا بووە... قسەکانی بەدڵ نەبوو، نەک لەبەر ئەوەی مەلیحە لە شتێک دەدوێ و ئەم دەیزانێ... بەڵکو حەزی لە جۆرە باسێکی تر بوو ئەویش پەیوەندی بە دەروونی خۆیەوە هەبوو ڕاستتر حەزی لە تف و سەرزەنشت بوو، وایدەزانی گەر ئەو لەکانەی ناو چەوانی تفی مەلیحەیان بەر نەکەوێ سپی نابنەوە. خۆی زۆر بە لەکەدار و گوناهبار دەزانی...

هێزێکی سەیر، لە وزەی هەردووکیان بەدەر بوو، لە یەکتری نزیکیان کردەوە، مچە لەنێو بێدەنگیدا مات ببوو... مەلیحەش لە نێو زۆر وتن و فرمێسک هەڵڕژتنا ئۆقرەی لێ هەڵگیرا بوو، لە یەکتری نزیک بوونەوە، بۆ یەکەمجار مچە هەستی بەوە کرد کە مرۆڤە و ژیان خۆشە چونکە یەکەم جارە مەلیحە بەنەفەری نازانێ!

مچە ئەم هەلەی لە دەست نەدا، بۆ ئەوەی ڕەگی مرۆڤایەتی خۆی چاکتر بچەسپێنێ چرپاندییە گوێی مەلیحە...

- گووش مەتەکن، نەترس، هەر چوینیگ بوود قورتارد کەم و خواز مەد سەر هەڵگرین ئەرا شاریگ تر چی من و... لەی جەهەنمە قورتار بووین... دویر فرە دویر کەفیمن... باوەڕ بکە وەقەورەگەی...

قسەکەی بۆ نەدەهات نەیدەزانی بە قەبری کێ سوێند بخوات قسەکەی بۆ تەواو نەکرا، کە مەلیحە پێی وت:

- ئەزیەت خۆد مەدە، وە ئاگر من خۆد مەسوزن تازە تازە... من بیمە سە خۆڵەکوی... دی گوزەشت فایدەی نییە.

بۆ چەند چرکەیەک هەردووکیان بێدەنگ بوون حەزیشیان دەکرد درێژە بە قسەکانیان بدەن و بێدەنگ نەبن، لەپڕ مەلیحە وتی:

- توو باوەڕ کەید ئامە ڕەش حەسەن ئاغا کوشتیە؟

...............- - من باوەڕ نێکەم.

...............- - قەچاغچێ و حاجێ و ئەفەندییەگان ئیژن:

حسەن ئاغا دەسی لە کەس نەئەپاراست، هەر چشتێگ بکەفتادە ژیر دەسی هەر ژنیگ لە ماڵەگەی بیاتاد دی....

مەلیحە هیچ مەبەستێکی نەبوو، ئەگەرچی دەیزانی دایکی مچە لە ماڵی حەسەن ئاغادابووە و حەسەن ئاغایش قسووریی لێ نەکردووە، بەڵام لەم قسە کردنەی ئێستایدا مەبەستی نەبوو مچە بریندار بکات، مەلیحە هەستی بە تێکچوونی مچە دەکرد، هەوڵی دەدا باسەکە بە قسە و باسێکی تر بگۆڕێ کەچی وەکو شتێک کە خۆی پێ نەگیرێ هەر لەسەر هەمان گفتوگۆ ڕۆیی و درێژەی پێ دا و وتی:

- حەسەن ئاغا سەگ باوگ سەد مڵاڵ زیاتر دیرد... مڵاڵەگانیشی نێزانن کوڕ کین، ئەوەنە بێ ڕەحم بی دەروەن هیچ چشتیگ نەئەهات...

هەر کە مەلیحە ئەم قسەیەی تەواو کرد مچە جارێکی تر وێنەی ئامە و گۆڕستان و ئەو شەوەی دایکی خۆی لە چاڵ دەنا بە بەرچاویا تێپەڕی و قسەکەی خۆی لە گوێدا دەزرنگایەوە کە چەند جارێ بە ئامەی دەوت:

«ئامە بیژ کوڕ باوگ خۆمم یان نە؟».

مچە هەڵسایە سەر پێ... بەڵام بەبێ خواحافیزی مەلیحەی جێ هێشت و گەڕایەوە و ئەو شەوە هەتا بەیانی خەوی لێ نەکەوت و هەر ئەم دیو و ئەو دیوی دەکرد و بەیانی زوو خۆی گەیاندە پۆلیسخانە و لەبەردەم معاون بەهجەت وتی: - من حەسەن ئاغا کوشتم.

***

هەر لە بەیانی زووەوە هەتا ئێوارە هەر پرسیاری جۆر بە جۆریان لە مچە دەکرد، مچەیش قسەکانی خۆی نەدەگۆڕی و سوور بوو لەسەر ئەوەی کە حەسەن ئاغای کوشتووە و دوا داواشی ئەوە بوو ئامە ڕەش ببینێ و داوای لێبوردنی لێ بکات، چونکە چەند ڕۆژێکە بە تاوانی ئەمەوە حەپس کراوە و پاشان هەر چییەکی لێدەکەن ئەوا کەیفی خۆیانە.

دەمەو ئێوارە بردیانە لای ئامە... لێی نزیک ببوەوە و بەدەم گریانەوە کەوت بەسەر دەست و پێیدا وەک ئەوەی بەڕاستی حەسەن ئاغای کوشتبێ ئاوها ڕەفتاری دەکرد بە ئامەی وت:

- ئەرا کوشتیدی... من بکوشتامەی خاستر بی؟ هەق ئەی عاڵەمە لەلی بسەندام...

ئاخر ئەرا؟ ئەرا؟.

ئامە هەتا ئەم قسەیەی نەبیستبوو هەر بێدەنگ بوو، ئەم قسەیە کلیکی زمانی کردەوە و بە مچەی وت:

- نەکوڕم... چووین بوود کوڕ باوگ خۆی بکوژد؟ هەر چەبوود هەر باوگیە.

هێشتا ئامە قسەکانی خۆی بە چاکی تەواو نەکردبوو. مچە وەکو پڵنگێکی بریندار هێرشی بردە سەر ئامە و هەردوو دەستی لە ملی گیرکرد و وردە وردە دەستی دادەگرت و دەیوت:

- ئامە بیژ... ئامە... من کوڕ باوگ خۆمم یا....! ئامە بیژ...

ئەوی ڕاستی بێت مچە مەبەستی ئەوە نەبوو ئامە ئەزیەت بدات، بەڵکو دەیویست ڕێی قسەکەی ئامە بگرێ و نەیەڵێ بگەڕێتەوە بۆ دەروونی وردە وردە بە توندی دەستی دادەگرت و لەسەر یەک دەیوت:

- ئامە بیژ من کوڕ باگ خۆمم؟

ئەگەر چی یاساوڵەکان بە قۆناغە تفەنگ و بە تێڵا لە مچەیان دەدا، مچە هەستی بە ئازار نەدەکرد و هەستی بە بوونیشیان نەدەکرد و زیاتر دەستی دادەگرت و لە سێ چوار دەقیقە کەمتر ئامەی خنکاند وەکو مەڕمەڕێکی ڕەشی سارد لەبەر دەستیا سارد بووەوە...

دەستی کێشایەوە، کە بینی ئامە گیانی تیا نەماوە و مردووە، هەستی کرد هێزێکی زۆر سەیر لە پەنجەی پێیەوە هەڵدەکشێتە تەوقی سەری و دڕندانە هێرشی بردە سەر یاساوڵێ و تفەنگەکەی لە دەستی سەند و هێنایە سەر پێ و گوللەیەکی نایە چەوانی خۆیەوە و بە پشتا کەوت و پەڵە خوێنێکی سوور و گەرمی خۆی پژاندە سەر تەرمەکەی ئامەوە.

ڕێککەوت نەبوو کە سەری مچە لەسەر سنگە ڕەشەکەی ئامەدا دوا ئارامی گرتبو و هەرچی خەم و پەژارە و ئاوارەیی هەبوو لە ڕێی خوێنەکەی سەریەوە دەتکایە سەر سنگی ئامە و کراسە شڕەکەی ئامەیش خوێنەکەی دەمژی.

***