جاران کە کوردی ڕاست و ڕەوان بووین

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1393 بینین
جاران کە کوردی ڕاست و ڕەوان بووین
خاوەندی وەفا و دڵ و زوبان بووین
لە وەزیفەیشدا سیاسەت نەبوو
تەفرەمان، تەفرووتونا کردبوو
هەروەها گێزری ئەچووینە مەیدان
ڕێمان نەدابوو بە فێڵی شەیتان
لە پڕ کەوتینە سیاسەت بازی
وەک «پرنس بسمارک» لە دەستەی «نازی»
ڕێی سیاسەتیش هێشتا فێر نەبووین
ڕوومان بۆ هەر کوێ نا، بە هەڵەچووین
ڕۆژێ ئاغامان گرتە سەر سەرمان
ئەمان بردەسەر تا وادەی فەرمان
وتمان بەگزادە، بزانین ئەو چییە؟
ناشوکری نەبێ بەگزادە نییە!
ئینجا وا هۆمان کەوتەوە سادات
لای ئەوان دەستمان کرد بە فەسادات!
ئەوانیش چونکو زۆریان دڵ سافن
هۆگری مەدح و لاف و گەزافن
بە گوێڕادێری لە خشتە ئەچن
لە ناو خۆیانا ئەبن بە دوژمن
هیچیان ناوێستن لەسەر هیچ بارێ
دەسا قەومی وا بەردی لێ بارێ