ڕەحمەت لە ڕۆحی شاهانی ئێران
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1224 بینین
ڕەحمەت لە ڕۆحی شاهانی ئێران
کە دەستورێکیان هێنایە جیهان
قەت ناوەجاخیان نەخستە سەر کار
پایەیان نەدا بە پیاوی بێعار
کوڕیان دائەنا لەناو مەجلیسا
تێر گوێی ڕائەگرت ئینجا هەڵئەسا
ئەو تەربیەیەی لەوێ وەریەگرت
مامۆستای مەکتەب ڕێی پێ نەدەبرد
خوێنی ئەسالەت بەهرەی ئینسانە
ڕەسەن شەرەفی جنسی حەیوانە
ئەمە بووەتە تەجروبەی دەوران
زۆر جار نەتیجەی هاتۆتە مەیدان
کەچی کەوتووینە دەورێکی واوە
هەرچی پارەی بوو ئەڵێن تەواوە
بەڵێ ئەبینی ئێستە کە پارە
زۆرتری لە لای پیاوی بێعارە
بەڵام فایدەی چی؟ کەڵکی کەس ناگرێ
بە مێردی تازەی ژنی ئەبڕێ
ئەوی بە نەسەب فەجری ڕوناک بێ
ئەبێ بە حەسەب کردەوەی چاک بێ
بە ئێستریان گوت: باوکی تۆ کێیە؟
وتی: ڕەسەنی دایکمم پێیە