ئەم دنیایەی وای بۆی بە چڵوچۆین

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  801 بینین
ئەم دنیایەی وای بۆی بە چڵوچۆین
بە ڕووتی هاتووین بە ڕووتی ئەڕۆین
هێندە بە جەورین، وەک کاسەی چەورین
ئاو ناگرینە خۆ بە گل و دەورین
تەنها کفنێکمان ئەگەر پێ ببڕێ
ئەویش لە خاکا بەرناگرێ، ئەدڕێ
خوا دەوڵەتمان لێ ئەسێنێتەوە
تەنها ناوێکە ئەمێنێتەوە
هەر ئەو ناوەیە کە لە پاش خۆمان
واسیتەی ڕەحمەت ناردنە بۆمان
ئەگینە ئەوا جەمعی خۆمانە
دانیشتووین تێکڕا، گفتوگۆمانە
چاومان لە یەکە و بە زوبان ئەدوێین
کە هەڵساین ئیتر لە یەکتر گوم بووین
هەر وەکوو خەیاڵ بیرت ئەکەوێ
کەوتە بەیانی ئەبێ بە خەوێ
کەواتە دنیا خەو یا خەیاڵە
شوێن خەو و خەیاڵ کەوتن بەتاڵە
شوێنێکت بوێ کە هێجگاری بێ
دوور لە بەدکار و دڵ ئازاری بێ
ئەویش ئەولایە و بە دەست مەولایە
تۆ تەقەلای چیت بەم لاو بەو لایە؟