کۆ ئەبینەوە لە دەوری «هاری»

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  840 بینین
کۆ ئەبینەوە لە دەوری «هاری»
بەزۆر باراشمان لە ئاش ئەهاڕی
ئێمەی لە پشتین بەوە ئەخوڕێن
نۆبە باراشی بێدەست ئەبڕێن
بە هۆی ئێمەوە هەتا وای لێ دێ
لە پڕێ ئەبێ بە میرکوڕی دێ
کە گەییە ڕیزی ئەلیوەیس پاشا
لە دۆت و دەستەی خۆی ئەکا حاشا
ئەڵێ ئەمانە با لە ناو بەرم
نەوەکا منەت بخەنە سەرم
ئەم بەو ئەشکێنێ و خۆی لە پەناوە
سەیر ئەکا و چواری تری لە دواوە
ئەزانێ ئێمە بەندەی زۆردارین
بە کەیفی ئەوان لێک دەست بەردارین
ئینجا کە هاتو تەواو باوی سەند
یاریدەدەری ئەهاوێتە بەند
تاڵانیان ئەکاو ژنیشیان دێنێ
ئەمەتە وەفای دۆستەکەی دوێنێ
لە دەست ئەو هاوار ئەبەنە بەر خوا
دەنگی غەیب ئەڵێ: گۆڕتان بێ ئاوا
ئێوە یاریدەی زۆردارتان داوە
هێشتاکوو جەزای زۆرترتان ماوە