پێش پێغەمبەری خاتەموننەبی

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  610 بینین
پێش پێغەمبەری خاتەموننەبی
قەهر و جەزای خوا زوو ئەهاتەدی
لە ئاوا قەومی نووحی ئەخنکاند
بەسەر قەومێکدا شاخی ئەڕووخاند
خۆ ڕەشەباکەی کە بێرە فێرە
خەڵکی ئەفڕاند وەک گای بەر گێرە
هەندێ زراویان ئەتۆقی بە دەنگ
ئەباری بەسەر قەوما گڵ و سەنگ
پێغەمبەرەکەی ئێمە پەیدا بوو
ئەم ڕسوایییە هەمووی کۆتا بوو
ئێستا خەڵک ترسی ئەوەی نەماوە
هەموو جەزایێک کەوتۆتە دواوە
هی ئەوتۆ هەیە ئەڵێ ئەمڕۆیە
ئەوی بێ کەیفی کرد، ڕەنجەڕۆیە
بە ڕاست و چەپا دەست ئەوەشێنێ
ئەکوژێ و ماڵی خەڵک ئەڕووخێنێ
لە جەجاڵ زۆرتر خەڵکی لە دوایە
لە هەموو لایێک ئەمری ڕەوایە
چونکە لەم ڕەنگە زۆرداری باوە
کەسیش باوەڕی بە خوا نەماوە
یەک ڕێیە بۆ خوا کە ماوەتەوە
یا چاک کاتەوە، یا پاک کاتەوە