حیکایەتەکەی تەلیسم و جادوو

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  781 بینین
حیکایەتەکەی تەلیسم و جادوو
ئێستا لە ئێمە وا کەوتۆتەڕوو
بە فێڵ کەوتووینە ژێر ئەم زەمینە
هێزمان بڕاوە و بارمان سەنگینە
هیوامان تەنها لە لای خوا ماوە
دوو بەران لە ژوور سەرمان وەستاوە
یەکێکیان سپی، یەکێکیان ڕەشە
دیارە بەرانی ڕەش بە گەردەشە
ماوەتە ئەوەی خۆمان بهاوین
سەرسپی کەوتین، وا خەلەساوین
کەوتینە سەر ڕەش، ڕۆژی ڕەشمانە
تا دەمرین شەڕ و نەگبەت بەشمانە
تەجرووبەی تالع شەرتێکی تیایە
پەنا بە حەول و قووەتی خوایە
ئەبێ ئیبتیدا بە بیسمیللا بێ
بە ناوی خودا دەفعی بەڵا بێ
ئێمەیش وەک کابرا، یا جنۆکە و خێو
بیسمیللایان کرد، کەوتووینە جنێو
کەواتە مەڕی ڕەش بەختمانە
مایەی ڕزگاریی ئێمە ئیمانە
کاتێ بە جەزبەی ئایینی ئیسلام
هاوار کەینە خوا ئەگەینە مەرام