پیاو لە کاری خوا سەری سڕماوە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1195 بینین
پیاو لە کاری خوا سەری سڕماوە
لەم دنیایەدا مەحشەر هەڵساوە
ئەڵێن ڕۆژی حەشر نەفسی نەفسییە
نە باوک و برا نە کەس کەسییە
ئەگەر باوەڕت بەو ڕۆژە نییە
بچۆرە بازاڕ بزانە چییە؟
لە هەموو لاوە پاش قولە و چورتم
نەشارەزاکان کەوتوونە سەرسم
ئەیانگوت کاسب حەبیبی خوایە
کاسبی حەڵاڵ برەوی تیایە
ئێستا کاسبی حەڵاڵ نەماوە
بۆیە بەرەکەت وا هەڵگیراوە
خۆ ئەوەی کە سەنگ لە خەڵک ئەگۆڕێ
خۆیشی ئەیزانێ نایباتە گۆڕێ
لەگەڵ ئەوەیشا تا بۆی هەڵکەوێ
تەرازووبایی زۆرتری ئەوێ
ئەمانە هەمووی تەفرەی شەیتانە
نیشانەی دەوری ئاخر زەمانە
بە مەلایان گوت قیامەت کەیە؟
وتی کە مردی مەحشەر ئەوەیە
تا خۆمان نەمرین نازانین چییە؟
بە مردنی خەڵک باوەڕمان نییە