پیاو لە لاوە بێت لاویش بێ ئاوە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  904 بینین
پیاو لە لاوە بێت لاویش بێ ئاوە
وا ئاو ڕۆیوە، هێشتا زیخ ماوە
لەگەڵ ئەوەیشدا کە زیخ بێ کەڵّکە
غەیرەیش بێ بەرە، وەک داری پەڵکە
هەمووی یەتە سەر ئیستیعدادی خۆت
ئەگەر خۆت باش بی، عالەم چاکە بۆت
چاکی بنیادەم دڵ و دەروونە
کە تۆ دڵسۆز بی خەڵک لێت مەمنوونە
چاوت لە ماڵی کەس نەبێ مەردی
کە بەخشەندەیش بی، وا جەوانمەردی
دڵ ئازارییە زاری لە دوایە
خەجاڵت باری قاپی خودایە
زاڵم زەواڵی بۆ دانراوە
لەم دنیایەدا زۆری بینراوە
بەڵام هەوای نەفس پیاو بێعار ئەکا
هەرزەچەنەییش خەڵک بێزار ئەکا
پیاوی نەزان دوو دڵ ئەڕەنجێنێ
سەگی هەڵەوەر دزت بۆ دێنێ
کەمتیار لە لای گفتگۆی چاکا
قولە پێی ئەسمی ئەو هیچ دەنگ ناکا
برینی لەشت چاری دەوایە
برینی دڵت ساڕێژی نایە