چەرخی فەلەکی سونعی کردگار

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  616 بینین
چەرخی فەلەکی سونعی کردگار
هەر لەو ڕوژەوە کە کەوتۆتە کار
ئەسووڕیتەوە لە دوازدە بورجا
ئێمەیش لەگەڵ ئەو هەر واین لە ڕەنجا
ئەم دوازدە کەلوەیش ناویان نراوە
یەکی سی ڕۆژە مانگی تەواوە
بە سێ مانگ سێ مانگ فەسڵێک ئەگۆڕی
چوار فەسڵە ساڵێک کە ڕائەبوورێ
بەهارە و هاوین پایزە و زستان
لە سەر هیچ بارێ نامێنێ جیهان
زۆر کەس بەهاریان کە لەلا خۆشە
دەشتێکی سەوزە گوڵ و وەنەوشە
بەڵام هاوینان فەقیر و هەژار
لە بەرگ و ئاگر و ژوور ئەبن ڕستگار
بە ڕۆژ ئیش ئەکەن شەویش بە بێ نوێن
لە لادیوارێ هەروا هەڵئاژێن
هەر پایز خۆشە بۆ پیاوی نەوسن
میوە و سەبزە و گۆشت تێدا زۆر ئەبن
دەوڵەمەند خوانی ئەڕازێتەوە
فەقیر بۆ نانێک ئەپاڕێتەوە
ئەم دوو ئەحواڵە هیچیان تا سەر نین
چونکو هەردوولا بۆ مردن ئەژین