لام وایە ئیتر دونیا ئاخرە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  935 بینین
لام وایە ئیتر دونیا ئاخرە
نیشانەکانی یەک یەک زاهیرە
ئیمان بووەتە پشکۆی ئاگرێ
هیچ کەس ناتوانێ لە دڵا ڕایگرێ
بە جارێ برا لە برا بڕاوە
ئەولاد لە باوکی خۆی وەرگەڕاوە
فیتنە و درۆزن باویان سەندووە
تۆوی فەساد و شەڕیان چاندووە
دڵی کەس لەگەڵ کەسدا پاک نییە
لە گەورە شەرم و لە خوا باک نییە
ئەسناف ئینسانی ناوە بە لاوە
حوققەی ڕاست لە لای کەسیان نەماوە
سەنگی کێشانە، هەمووی هەر سەنگە
«بازاڕ ئاغاسی»ش لێیان بێدەنگە
یەک بە دەی جاران ئەرزاق ئەفرۆشن
بۆیان هەڵکەوێ نێریش ئەدۆشن
هاکا ئیسرافیل سووری خۆی لێدا
دنیا گیانداری نامێنێ تێدا
ئەوسا پارە و مۆلک بە جێ ئەمێنێ
«مەڕنەمووکە»یش گورز ڕادەوەشێنێ
ماڵ و دەوڵەتیان بۆ بار ناکرێ
پەشیمانی و داد کەڵکیان ناگرێ