عەیبی خۆت زانی ئەوسا غەیب زانی
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
989 بینین
عەیبی خۆت زانی ئەوسا غەیب زانی
غەیبەتت ناکەن ژنان لە کانی
مەدحی شاعیر و دۆستی سەر سفرە
لە خشتەت ئەبەن، گوێیان لێ مەگرە!
چاو لە ماڵی خەڵک مەبڕە، حەرامە
بەشی خۆت بەس بێ حەڵاڵ بەتامە
چاوبڕکێ مەکە، چاوت ئەبڕن
پەردەدڕ مەبە، پەردەت ئەدڕن
تۆ بزانە ئەگەر زۆریان لێ کردی
هاتنە ماڵەکەت چشتێکیان بردی
چەند پێت ناخۆشە، لای خەڵکیش وایە
دەستت درێژ کرد، کورتی لە دوایە
باوجوود ئێستا دەوران گۆڕاوە
تاریکەشەوە و «جەردە» لە ناوە
هەرچی ئەیبینی فڕان فڕانە
بو خۆیشیان نییە، بو گەورەکانە
لە مەڕ ئەفڕێنن، ئەیدن بە گورگان
حیزی مایەپووچ، بە فڕکان فڕکان
ئەمانە هەمووی بێ ئیمانییە
لە ئاین لادان ڕێی شەیتانییە
ئەم بێ دینیە و خوانەناسی
کاری کردۆتە ڕوکنی ئەساسی