هەر دارێ لقی زۆر لێ بێتەوە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  693 بینین
هەر دارێ لقی زۆر لێ بێتەوە
ئیتر ئەوەندە بەرز نابێتەوە
ڕووباریش جۆگەی زۆری لێ بووەوە
گوڕەی نامێنێ لە پڕ چووەوە
وڵاتێک حیزب و میزبی تێکەوێ
هەرچی دەستی بوو، بەشی خۆی ئەوێ
دووبەرەکانی ئیلێکی فەوتاند
سەودای سەرکاری زۆر دڵی ڕەنجاند
زۆری وا هەیە خۆی خۆی ناناسێ
خۆی هەڵدەکێشێ پڕ بە کراسێ
خۆی لە ئاوێنەی دیوار ئەبێنێ
خەریکە بە «گەڕ» کلاو بفڕێنێ
ئەگەر بە «تۆپز» قۆڵی نەشکێنی
ئەکەویە ژێر بار، دۆش دائەمێنی
ترسی دیوانی نەبێ لە ناوا
بناوانی حەق ئەڕوا بە ئاوا
ئەم دەردیسەرییە خواستی خوایییە
هەرچی ئەبینی لەخۆی بایییە
لە بێکارییە ئەم کاروبارە
تاریکایی شەو ئێوارە دیارە
کە وا، کەوتووینە تەنگو چەڵەمە
گای گێرەشێوێن بخەیە «کەڵەمە»