دەوری هات، دۆستت لە دەورت زۆرە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  651 بینین
دەوری هات، دۆستت لە دەورت زۆرە
بە «نەهات» هاتنی خزمیشت زۆرە
تۆ تووڕە مەبە، دنیاکە وایە
وەک «سەعدی» وتی: نان بۆ کەوایە
جاران ئەم کوردە هێند بە وەفا بوو
دزیشیان قەدری وەفای لەلا بوو
دز چووبوە ماڵێک لە کووپەیێکا
خوێی دیبوو کە خوێیش لە شەکر ئەکا
کە لێی چەشتبوو زانیبووی خوێیە
ئەڵێ: «نمەکم کردن» لەو جێیە
هەرچی دزیبووی، دای ئەنێتەوە
لە «بەدنمەکی» ئەسڵەمێتەوە
ئێستا کە پارووت کرد بە دەمیەوە
پەنجەیشت ئەخوا، هەر بە دەمیەوە
تۆ تێری ئەکەی لە نان و کەرە
ئەو کە تێری خوارد، پێت ئەڵێ کەرە
من شەوێکیان خۆم ئەمەم گوێ لێ بوو
تاریک بوو یەکێ کە لەسەر ڕێ بوو
ئەیگوت ئەم کەرە بۆچی وا دەکا
ئەم هەموو چشتە چۆن پەیدا ئەکا
هەیشە کە ئەڵێی سەروماڵییە
ئەو کەماڵەیشیان، لە کەم ماڵییە