دراوسێش زەڕیەی دەنگی دایەوە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
903 بینین
دراوسێش زەڕیەی دەنگی دایەوە
هەر تەنها «ئینگلیز» بێدەنگ مایەوە
تەمە و بارانە و ئاگر بارانە
بارانەی کوشتار بۆ هەژارانە
«ورچیش» لە بەشەر خۆی کردووە بە شێر
بە نیوەی دنیا، چاوی نابێ تێر
سا «ئەمەریکا»ی لە سەر نەبوایە
با لە «قاریات»دا وا گیر بمایە
لە «مازوری»دا تێڵا بەدەست بوو
لە ناو زۆنگاودا گیرۆدە و پەست بوو
کە تۆ یاریدەی زاڵمێکت دا
دوایی چەپۆکت بە سەرا ئەدا
لە خۆبایی بوون، کەوتنی لە دوایە
سەیری «هیتلەر» کەن، دنیاکە وایە!
بەشەر تاقەتی شەڕی نەماوە
تا چاو کار ئەکا، دنیا خوێناوە
نازانم مردن بۆچ وا ئاسانە؟
بەرەوپیری مەرگ شایی و سەیرانە
هەر دینی ئیسلام ڕێی سەلامەتە
«لَا تُلْقُوا...» ئەمری خوایە و ئایەتە
من چیم لەمانە؟ هەر پۆکەر خۆشە!
نامپەرژێتە سەر ئەم واتەی بۆشە