دەوەن بە ئاشمان لێ ژیایەوە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
807 بینین
دەوەن بە ئاشمان لێ ژیایەوە
هەر ئاشی میری نەنرایەوە
زۆر چاوی ڕەشمان کاڵ بوەتەوە
«گۆیژە»یش زۆر بەفری لێ چووەتەوە
مزگەوتی ڕووخاو چاک کرایەوە
مەلا مەعاشی بۆ بڕایەوە
شەڕە پەلێکە بە خشت و نیمە
ئەو بۆچی بیبێ و من بۆچی نیمە؟
پێچکەی زۆر تابووت ئەگرینە سەر شان
مردوومان ئەبەین بۆ «گردی سەیوان»
کە هاتینەوە هەر لەو ڕێگایە
تەدبیری سوود و سەلەمی تیایە
«دەرسی حقووقم» هەر لە بیر ماوە
«غوبنی فاحش»یان حەرام داناوە
حەراممان لێ بوو بە قوڕی زستان
وەک گەزۆ و مازوو موباح بوو بۆمان
ئەڵێن: پایەدار، پایەدار نابێ
دەوڵەت لە نادان دەست بەردار نابێ
ئەم هەموو ساڵە دەوری دنیام دی
نەمدی ئاواتی هەژار بێتە دی
بڕوایشم وایە و ئەیڵێم بێ پەروا
هەر وا هاتووە و بەو چەشنەیش ئەڕوا...