شەیتان وا لەسەر کێوی ئارارات

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  914 بینین
شەیتان وا لەسەر کێوی ئارارات
بانگ ئەکا ئۆخەی وا ڕۆژی من هات
دەرسێکی نەوەی ئادەمم دادا
عومری یەکتری بدەن بە بادا
قونبولەی زەڕیەم پێ ئیجاد کردن
باشە بۆ یەکتر پێ لە ناو بردن
کە لەگەڵ زەڕەی ئەو جاشەکەرە
ئەڕوانی شارێک ژیرەوزەبەرە
ئەڵێن: لای خواوە غەزەب بباڕی
«قاروون» بە ئەرزدا ئەباتە خوارێ
ئەو یەک قاروونی دۆستی منی کوشت
من دونیاکەی ئەو ئەکەم بەروپشت
عالەم بە ملیۆن تەفرەی من ئەخوا
تەرەفداری من زورترە لە خوا
ئەو ڕزقیان ئەدا و بەخێویان ئەکا
وا بە قسەی من چوون بە گژیەکا
ئەو شێخ و مەلا دێنێتە ڕووی کار
من ئەهلی فەنیان لێ ئەخەمە کار
تف لەوەی کەوا بە تەفرەی شەیتان
وا بە جارێ قڕ ئەخاتە ئینسان
ناوی سەگ لەوان بە چاکتر بەرە
سەگ لەوان گەلێ بێ زەرەترە