دەوری زەمانە وەها گۆڕاوە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
817 بینین
دەوری زەمانە وەها گۆڕاوە
یاریی پێشوومان مۆدەی نەماوە
یاری ڕۆژ جوێ بوو، کوڕگەلیش بە شەو
بەزم و ئاهەنگ بوو تا دەکەوتنە خەو
فنجانێن، گەنم گەنم، مشعەران
ڕێوی چوو لەگەڵ سیخورمە لێدان
ڕۆژیش شەڕەتۆپ بە دووبەرەکی
کە ئەیشهاتنەوە شەڕەگەڕەکی
کەوشەک و یەکەوحەیزەران باو بوو
بە بابی بابی کەر خواپێداو بوو
کە ئەیان پرسی کەر سوار بێ یا سوار؟
بیوتایە کەر! سوار ئەهاتە خوار
وەک ئێستا سواری ئەدرایە کەر
بەڵام دەورێکیان نەئەبردەسەر
قەلەمردارێش وەک ئێستە دوونان
بە تەڕووشکی ئەبوون بە چوار نان
ئەوسا ئەیانگوت نادان پەسەندە
دانا بە پارە ئەکا بە بەندە
گڕ و پفێکە ئاگری دزان
دوایی کە گیران ئەکەونە زیندان
کەچی درۆ بوو ئەو تەسەلایە
دز و پارەدار لە برەو دایە