پەڕەی تەقویمێک کە هەڵیەپچڕی
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
786 بینین
پەڕەی تەقویمێک کە هەڵیەپچڕی
ڕۆژێک لە عومری خوت دا ئەدڕی
پارەی مەعاشت کە لە دەست ببڕێ
هەوڵی ئەوەتە زوو مانگ تێپەڕێ
نازانی کە ئەو مانگ و ڕۆژانە
عومری چەند هەزار هەزار ئینسانە
ئەو عومرەی ئەمڕۆ کە لێی بێزاری
بۆی دەکەویتە شیوەن و زاری
بەڵام فایدەی چی بۆت نایەتەوە
لێت تۆرا ئیتر ئاشت نابێتەوە
تیر کە ترازا و دەرچوو لە کەوان
نایێتەوە بە ئامان و زەمان
عومر بە کورتی و درێژی نییە
هونەر بە گورجی و زۆر بێژی نییە
عومرێکی کەم و بەخێر و خۆشحاڵ
خۆشترە لە عومری دووسەد ساڵی تاڵ
کە سەرمای زستان هەڵی چۆقاندین
قەدری بێ بەرگی هاوین ئەزانین
کاتێ قەدری دان کە لات ئەنوێنێ
دانی لاعیدە پووکت بێشێنێ
حەسەرتی عومری ڕابوردویش بۆ خۆی
دەردێکە زیاتر خەمی پێ دەخۆی