خوویێکی بەدە بۆ فەڕومایە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
742 بینین
خوویێکی بەدە بۆ فەڕومایە
شەڕ بە کۆنەقین دێننەوە کایە
بیستوومە ئەڵێن قین ژەنگی دڵە
دڵ کە ژەنگی گرت بۆ شەڕ بە کوڵە
لام وایە ئەوەی کە ڕق هەڵگرە
لە دوژمنەکەی ناڕەحەتترە
ئەیچێنێتە دڵ کەی بۆی هەڵکەوێ
دوژمن بداتە بەر خەنجەر شەوێ
هەر بە داخەوە سرەوتی نابێ
بە قوڕگیا ناچێ نان و کەبابێ
موسوڵمانی ڕاست ئەوەی زۆر چاکە
کە لێبوورد ئیتر دەرونی پاکە
بەڵام لە پیاوی سپڵە مەبوورە
چونکوو بەدنمەک لە وەفا دوورە
ئەگەر چاکەت کرد لەگەڵ ناپاکا
خراپە ئەکەی لەگەڵ پیاوچاکا
بەڵام ئەم چاک و خراپ ناسینە
خراوەتە ناو لوولەی مەسینە
هی ئەوتۆ هەیە کاتێ ئەیناسی
کە لە کەمەندی فێڵیا بتاسی
بەڵام تۆ چاک بەو لەمان مەپرسە
بڵێ: «بەد بە خوا» ئیتر مەترسە