هەندێ پیشەی من لەگەڵ خەڵک جوێیە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
727 بینین
هەندێ پیشەی من لەگەڵ خەڵک جوێیە
خۆش گوزەرانیم زانی لە کوێیە؟
من ئەگەر ڕاست بێ، پیرێکی ژیر بم
نابێ لە تانەی دوژمن دڵگیر بم
ئەوی پێم ئەڵێ ئەگەر بێ و وابێ
نەسیحەتێکە ماڵی ئاوا بێ
ئەبێ ئەو خوڵقە خراپەم چاک کەم
خۆم لە توانجی بەدگۆ بێباک کەم
کاتێ لە خۆما نەقسم نەمێنێ
کردەوەی چاکم لای خەڵک ئەنوێنێ
خۆ ئەگەر تانەی دوژمن درۆ بێ
با ئەو بەدناو بێ و هەر ڕەنجەڕۆ بێ
ئەوسا بۆ منیش ئەبێ بە عیبرەت
بە درۆ لە کەس ناکەومە غەیبەت
بەڵام کە وا بم لێرە هەڵناکەم
زەحمەت بێ غەیبەت، ڕەفیق پەیدا کەم
چارەی غەیبەتمان بە «قومار» ئەکرد
پارەمان نەما، وا دەرمان نەبرد
ئێّستا بە ناچار وەک ئەحمەد حەیتە
ئەکەوینە سەر ڕێگای ئەم بەیتە
قوماران نەکەن قورئان دەخوێنم
بە درۆ خۆم وەک عابید دەنوێنم