ئەوەی لە لای تۆ زەمی دۆستی کرد
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
922 بینین
ئەوەی لە لای تۆ زەمی دۆستی کرد
بە بێ وەفایی ئابڕووی خۆی برد
بەدزبان نوقتە ئەچێتە سەر «بێ»ی
ئاخری زیانی زوبان دێتە ڕێی
کەس ناکەسیش بێ، لێت نابێتەوە
تفی بەرەو با ڕیش ئەگرێتەوە
ئەوی بێبەشە لە عار و نامووس
هەر لە خۆیەوە ئەبێ بە «جاسووس»
ئەوی نەزانێ کە کوڕی کێیە؟
لە گەڵیا مەچۆ، بۆ هەموو جێیە
عیلمی قیافەت بکەی بە ڕەهبەر
ڕێی پەشیمانیت هیچ نایێتە بەر
گەنمی ئادەمین هەرچەند هاڕاوین
ئاردێکین بە ناو دڕکا چێنراوین
پیاوی بەدئەخلاق هەتا بخوێنێ
شەیتەنەتەکەی شیددەت ئەسێنێ
خوێندن خوڵقی چاک بەهرەو دەردەخا
ئەخلاقیش خوێندن بنج بەستی ئەکا
هاوین و پایز هەر ڕەشەبایە
بۆیە ئەم شارە کوێری زۆر تیایە!!
چاوساغی کوێریش، هێند کەوتۆتە ناو
زۆر کەس ناچارن بە بەستنەوەی چاو