سەعاتێکم بوو، بە شەرت سەعات بوو

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  630 بینین
سەعاتێکم بوو، بە شەرت سەعات بوو
ئەوسا بۆ نوێژ و جەمات میقات بوو
کارخانەکەیشی «ئەبو تەمغا» بوو
لە ناو سەعاتی تردا ئاغا بوو
ڕۆژێ لە ناکاو زریزەی پچڕا
کەوت بە بەردێکا خوستی لێ بڕا
سەعاتچییەکی مام ناوەندی بوو
بە درۆ ناوی «ساڵحە فەندی» بوو
سەعاتم بۆ برد، بۆی خستمەوە گەڕ
دوای دوو ڕۆژ کە نووست لێمان بوو بە شەڕ
ئینجا بردمە لای وەستایێکی تر
بەڵام فایدەی چی؟ یەک لە یەک بەدتر
هەر بۆ ئەوەبوو پارە بستێنن
بە فێڵ و فەرەج لە خەڵک دەربێنن
ڕۆژێ یەکێکیان بە ڕاست پێی لێ نا
وتی کەسی ڕاست نەما لە بەینا
کە ئێمە سەعات باش چابکەینەوە
پارەمان نابێ چا بخۆینەوە
دەورێکە ئەبێ پیاو سفرەدڕ بێ
بازاڕ هەڵگیرا گیرفانی پڕ بێ
منداڵی زۆر و مەعاشێکی کەم
دەست زەنی نەکەم، بە چی هەڵدەکەم