زک تێریم کاری دەستی ماندوومە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  765 بینین
زک تێریم کاری دەستی ماندوومە
تۆوی عیززەتی نەفسە چاندوومە
ئەو چاوە ببڕە کە ئەیبڕیە دەست
تەماع مارێکە پێی نامووسی گەست
حیکمەت فرۆش بی بێ قەدر ئەبی پێی
شەرت ئەوەتە خۆت وابی کە ئەیڵێی
بێ گوزەرانی دەردێ هائیلە
نوقتەی نەگبەتە بۆ سەر عائیلە
کە منداڵەکەت لە برسا ئەگری
ئیتر نازانی چ ڕێیەک ئەگری
نەبوونی دەستی شێرگیر ئەبەستێ
ماکینەیش بەنزین نەبێ ئەوەستێ
کەم دەستی ئەگەر هەوڵی تێدا بێ
«عوسر»ێکە ئەبی «یوسر»ی لە دوابێ
دەردی گرانی ئینسان حەسەدە
فەرەحی نادا بە دڵ، زۆر بەدە
بەغیل بیشیبێ داییم غەمبارە
چونکو حەسوودی لە سەر دڵ بارە
ئەو کەسەی دڵ و دەروونی پاکە
خەڵک خۆشی ئەوێ، بۆ خۆیشی چاکە
ئەمانە هەمووی کە دادی خوایە
هەر قەناعەتە خێری لەدوایە