ڕابواردنمان هەر بە قومارە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
859 بینین
ڕابواردنمان هەر بە قومارە
قومار سەریشی ببڕی هەر مارە
هەموو حەرامێ زەوقێکی تیایە
هەر قوماربازە دوایی ڕسوایە
ئافرەتێکی جوان حەزی لێ ئەکەی
عەشق و زەوقێکی تیایە، تێدەگەی
هیچ نەبێ لە دوای وەسڵ تێر ئەبی
ئەو شەویش نانوی، تا بۆی کوێر ئەبی
ئەم خەڵکە لەگەڵ یەک دۆست و یارە
ئاموشۆ و ڕەفتیان، لە لای یەک دیارە
«ئەنگاژە»ی قومار کە یاری نەبوو
جووڵەجووڵێتی لە پڕ بۆی دەرچوو
زۆریشمان هەیە هێندە «ئەحمەق»ین
نازانین، دۆست نین، بۆ قومار شەقین
«خۆمار» و «قومار» جووتە بوارە
ڕەشی و سپێتی تێدا دیارە
بەڵام بۆ ئەهلی مەراق هێند خۆشە
بۆ شەوێک هەرچیت هەیە، بیفرۆشە
هەرچیم دەست ئەکەوت ئەمدایە کایە
ئەیانگوت «پۆکەر» زەعیمی تیایە
وەک «حوسنی زەعیم» مارشاڵ جۆکەر بووم
کە پۆکەر نەما، ڕوانیم «نۆکەر» بووم