ئەهلی فەن ئەڵێن کە گەرمای زەمین

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  958 بینین
ئەهلی فەن ئەڵێن کە گەرمای زەمین
تاوی هەتاوە ئەیدا لە زەمین
ڕۆژ، ساڵێک لە ناو دوازدە بورجایە
سیانی سەرمایە و سیانی گەرمایە
کە زەمین لە ڕۆژ نزیک کەوتەوە
گڕ بەردەبێتە کوورەی نەوتەوە
ئەمە وادیارە زۆر چاک زانراوە
خەتی دەورەیە بۆ ڕۆژ کێشراوە
بەڵام ئەهلی حاڵ باوەڕیان وایە
جەهەننەم لە ناو قوڕگی مارایە
ئەو مارە ناویان ناوە «غَاشِیَە»
هەناسەیێکی «نَارٌ حَامِیَە»
کە ئەو هەناسە ئەدا بە جارێ
تینی ئاگری لە دەم ئەبارێ
گەرمای هاوینان هەناسەی ئەوە
ترسی سووتانی جەهەننەم لەوە
ئەمە یادێکە خۆفی خوای تیایە
هەموو ژیانێ مەرگی لە دوایە
دوای ئەوەی کە وا گیانمان ئەکێشرێ
لە لا خەراپە و چاکە ئەکێشرێ
ئەگەر خراپەت بووبێ بۆ بەشەر
فڕێت ئەدەنە ناو ئاگری «سەقەر»