ئەو کەسەی کە خووی خۆی لەلا خۆشە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  600 بینین
ئەو کەسەی کە خووی خۆی لەلا خۆشە
با خراپیش بێ، نایگۆڕێ بۆشە
زۆرتر خووی خراپ کە باو ئەسێنێ
وا لە پیاو ئەکا چاری نامێنێ
هی ئەوتۆ هەیە بە چاولێکەری
هەرچی هاتە پێش ئەیداتە بەری
ئەمەوێ ڕۆژێ هەر بۆ تەجرەبە
لە شوێنێ تووشی چوار پێنج کەس ببە
بڵێ: کوڕینە وا لەو مزگەوتە
بانگی دا و نوێژی بە جەماعەتە
وەرن با بچین، بزانین کێ دێ؟
دیارە کە هیچیان ڕوو ناکەنە وێ
ئینجا بڵێ: ئای کوڕینە وەرن
تیاترۆ هاتووە، کچ هەڵدەپەڕن
سنگ و قۆڵی ڕووت، گۆرانی ئەڵێن
«ویزیتە»یش هەیە بێ «ئینتر»ە و بەڵێن
ئەوسا بڕوانن چەندی لە شوێنە؟
وای لێ هاتوە ئەم ڕێ و ئەم شوێنە!
خۆم لە بیرمە پیاوی داوین پیس
ئەکەوتە بە «حەد» ئەیانکوشت بە لیس
ژنیش خۆڵ و دۆی ئەکرا بە سەرا
شار بەدەر ئەکرا بە چەپڵە و هەرا