ڕێی دڵ و زوبان هێجگار گۆڕاوە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  601 بینین
ڕێی دڵ و زوبان هێجگار گۆڕاوە
ئاشنایەتییان لەلا نەماوە
ئەویان بوو بە قیر ئەوی تر وەک سیر
خزمایەتییان نایەتەوە بیر
دڵ عەهد و وەفای لەلا نەماوە
زوبان بۆ درۆ تەڕ و پاراوە
ئەمە سیاسەت وای بەسەر هێنان
دیانەتیان ناشت لە «گردی سەیوان»
ئەگینە شەرتێ ئایین ئەیەوێ
دڵ و زوبانمان بە جووت یەک کەوێ
هەرچی زوبانی ئەیڵێ بە دڵ بێ
نەک لەلای خودا و بەندە خەجڵ بێ
موسوڵمان لەگەڵ یەک هام حاڵ ئەبوو
یەکێکیان بە سەر «دە»دا زاڵ ئەبوو
ئێستا کە لەگەڵ یەک درۆ ئەکەن
حەوتیان بۆ جووێک سەر فرۆ ئەکەن
ئەم تەجروبەیە هی هەزار ساڵە
نەسرەت بە دینە، نەوەک بە ماڵە
سیاسەت بازی لە ئێمە نایە
سەدهەزار چاڵی نەدیدەی تیایە
دینی ئیسلام بوو ئێمەی لە سەر بووین
بەوە نائیلی فەتح و زەفەر بووین