هەرچی بەشەرە و گیانی لەبەرە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
796 بینین
هەرچی بەشەرە و گیانی لەبەرە
لەسەر سەفەرە و ڕێگەی لەبەرە
سەیریش ئەمەیە کە هاتە جیهان
ڕووت و قووت و کز بێ ئاو و بێ نان
کە دێت هیچ لەگەڵ خۆیا نایێنێ
کە ئەشڕوا نایبا لێی جێ ئەمێنێ
ئیتر لەو ڕۆژەی فام ئەکاتەوە
ئەچەوسێتەوە، بە نەهاتەوە
هەموویشی دەردی دیزەڕەشیەتی
تا دەمرێ هەوڵی خواردن بەشیەتی
چونکو برسێتی چاری نەکراوە
کە هیچی نەخوارد هێزی نەماوە
بەرگ و پێڵاو و هەوای نەفسانی
نەیشبێ چارێکی هەیە ئەتوانی
بەڵام نەخواردن بۆ کەس نەلواوە
ئاوێکە ڕۆژی ئەزەل ڕژاوە
ئەمەندەی هەیە قەناعەتکاری
واسیتەیێکە بۆ سەبەبکاری
ئەویش یەگانە چارەی بە دینە
ئاینی ئیسلام بۆ نەفس پەرژینە
ئەخلاقیش بە دین دێتە ڕێی چاکە
داخەکەم لێڵە ئەو ئاوە پاکە