خزمینە دڕدەن.... داهات

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  615 بینین
خزمینە دڕدەن.... داهات
ئیتر ئەبێتە دەوری مساوات
کوڕوکاڵ بەوە کەوتوونە سەما
کە گوایە باوی دەوڵەمەند نەما
ئەوی دەوڵەمەند کۆی ئەکاتەوە
ئەبێ بەش کرێ بە جەماتەوە
شەوی یەکشەمموویش ئەوی ڕەبەنە
بێ ترس ئەچێتە لای دەست بە خەنە
نازانن بەشەر مایەی بە شەڕە
سروشتی ئەسڵی تەشقەڵە و گەڕە
لە ئادەمەوە دوو برای هاوپشت
لە سەر هەوای نەفس ئەویان ئەوی کوشت
خۆ براکانی یوسفیش هەروا
تێکڕا لە نەسلی پێغەمبەری خوا
لە ناو خۆیانا کەوتنە تەدبیر
ئەو فریشتەیان هاویشتە ناو بیر
ئێستا ئەم نەسلەی کە لە ئەزەلدا
هاتوونەخوارێ بە شەڕ و هەڵدا
بێ ترسی دار و جەزای حکوومەت
چۆن دادەنیشن بە عار و حورمەت؟
هەر خوا ناسیونی و شەرعی پێغەمبەر
کە خستوونیە ژێر ئەمری «أُولِی الْأَمْر»