خوا شەو و ڕۆژی داناوە بۆمان

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  905 بینین
خوا شەو و ڕۆژی داناوە بۆمان
لەوحەی عیبرەتن بۆ ئەهلی جیهان
جارێ لە پێشدا دەرسن بۆ ژیان
یەعنی کە تاسەر نامێنێ ئینسان
دووەم تاریکی و ڕووناکیش وایە
کە خۆشی و تاڵی وا دوابەدوایە
دوای تاریکی شەو ڕۆژ کە دێتەوە
بۆیە کە قەدری بگیرێتەوە
ئەگەر هەمیشە هەر ڕۆژ دیار بێ
وای لێ دێ ئیتر خەڵک لێی بێزار بێ
خۆ ئەگەر تا سەر تاریکەشەو بێ
ئەوسایە ئەبێ پێشەمان خەو بێ
کەواتە خوا خۆی باشی داناوە
ئەندازەی ڕۆژ و شەومان تەواوە
ئەو بۆ نوستن و ڕۆژ بۆ ئیش و کار
ئێستا شەو بووە بە ڕۆژ، بۆ قومار
لای خوداپێداو بە شەو بێداری
لەولا پێ لە داو بە دوای یاری
هەردوولایێکیش لە لایان خۆشە
بەڵام قومارکەر مادەیان بۆشە
هەندێ ڕەحمانی، هەندێ شەیتانی
شەیتان خۆی تێکەوت، دوایی نەهانی