خوا هەر پیاوێکی کە وا ناردووە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  576 بینین
خوا هەر پیاوێکی کە وا ناردووە
ئیشێکی گەلی پێ سپاردووە
هەندێ بۆ ئەوەی ڕێی چاک بنوێنن
لە زۆردار تۆڵەی هەژار بستێنن
هەندێکیش ناویان پێغەمبەر بووە
فەرموودەی خوایان بۆ ڕەهبەر بووە
بە زوبانی لووس وەعزیان داداوە
هەر قسە بووە، باویان نەماوە
کە زانیویانە قوەتیان نییە
وتوویانە ئەم درۆیە چییە؟
هەندێکیان کوشتوون، هەندێ هەڵاتوون
بە ئاسمانا، بە ترس سەرکەوتوون
تا ئایەی «قِتَال» نەهاتە خوارێ
پێغەمبەریش خۆی ئەکوتایە غارێ
دوایی بە شیری «عومەر» و «عەلی»
هاتینە سەر ڕێ، پێی بوین بە «وەلی»
ئێستا ئەو شیرە ژەنگی هیناوە
تیژی و بڕشتی کۆنی نەماوە
هەرچیش هەڵدەسێ لە ئەبنای زەمان
ئیسلامیەتی کردووە بە قەڵغان
خوایە! دیانەت زۆر کزە لێرە
محەمەدێکی مەهدی بنێرە