جەوهەر لە بەختی ڕەشدا دیارە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  929 بینین
جەوهەر لە بەختی ڕەشدا دیارە
شەوقی مانگەشەو لە شەوی تارە
ڕشتەی زیرەکی کە خوا پێی داوین
بووە بە پەتێک پێی پێ لە داوین
«قونبولەی زەڕە» لەولا ئەتەقێ
چاوگەی «ئاوەڕەش» لێرە ئەتەقێ
هەوری «بڕووخێ» کە ئەگرمێنێ
«لافاو» هەر ماڵی خۆمان ئەڕمێنێ
قوڕیان گرتەوە بۆ نەوجوانان
وا خۆیان بوونە «بەرزەکی بانان»
هەر دەڵێم ناوی کوردیەتی نابەم
چی بکەم تینومە بێ ئاو دەر نابەم؟
«بەفر» وەک سەرم باری بە سەرما
کوێستانیم باکم نییە لە سەرما
هێند «پەڵ»یان پیادام بووم بە منارە!
کەس لە من بەرزتر نییە لەم شارە
بوومە چرایێک لە سەر منارە
من ئەسووتێم و ڕێی خەڵک دیارە
خشتێ بڕووخێ لێم بوو بە دیوار
هەر هاوار ئەکەم لێم نابیەن هاوار
ئەگینە هەر من هاوارکەریان بووم
بە «ژیان» و «ژین» من ڕابەریان بووم