گوناهـ و تۆڵە، زۆر کەس تیا کۆڵە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  620 بینین
گوناهـ و تۆڵە، زۆر کەس تیا کۆڵە
خۆ هێجگار تۆڵەی باوک بۆ ڕۆڵە
باوک لە ئەولاد ئینکاری نییە
ئازاری هەیە و بێزاری نییە
ئەمەیە کە خووی فرزەند ئەگۆڕێ
هەر بە زیندوویی ئەیخاتە گۆڕێ
کە بە منداڵی تەربیەت نەدا
ئەو ئەڕوا بە شوێن کردەوەی بەدا
ئەوسا قانوونی جەزای حکوومەت
مەحکوومی ئەکا، بە پێی عقووبەت
ئەبێ گوناهی باوکی لێ بگری
خۆی خووی وا لێ کرد با هەر بۆی بگری
من باوکم دیوە کە چاوی لێ بوو
کوڕەکەی لە شوێن ئۆتۆمۆبیل چوو
ئەو بە فەخرەوە ئەیگوت: کوێ ئەچی
چۆن لە چنگ ئەحەی کوڕم دەردەچی؟
خۆ ئەگەر کەوتە ژێر ئۆتۆمۆبیل
ئەچیتە شکات بە داد و دەخیل
ناڵێ کوڕەکەم ڕای کرد شوێنی کەوت
خۆی هەڵاوەستی دەستی بەربوو، کەوت
ئاخ خۆزگە چاری ئەمە ئەکرا
باوکی ئەوانە جەزا ئەدرا