هەر لەو ڕۆژەوە جیهان دانراوە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  819 بینین
هەر لەو ڕۆژەوە جیهان دانراوە
ئەهل و نائەهلی تیا فەرق کراوە
ئەشکاڵی بەشەر کەس لە کەس ناکا
تاکو یەکسان بێ بەد لەگەڵ چاکا
هەروا هاتووە وایش ئەچێتە سەر
تازە ئێسترمان بۆ نابێتە بەر
ئایینی ئیسلام تەساویی دانا
بەڵام فەزڵیشی بۆ دانا دانا
من بە ڕەنجی شان پارەم دەست کەوێ
تەمەڵ لەلاوە چی لە من ئەوێ؟
بەڵێ حەقی کەس بە کەس نابڕێ
ناحەقی ناوی بە خراپ ئەبرێ
یاریدەی کەوتوو سەدەقە و زەکات
بە ئەمری خودا و پێغەمبەر داهات
نەک ئەمەی بڵێی بە «بۆلشەویکی»
هەرچی پەیدا بوو بێتە شەریکی
تازە پێگەیوان لە گیان وەڕستن
بە ئێمە ئەڵێن کۆنە پەرستن
خۆزگە ئەمزانی تازە چییان کرد؟
ئەمەندە بەندەی خوایان لە ناو برد
دیموکراتییە «زەڕە»ی داهێنا
ڕەگی هەژاری لە بن دەرهێنا