باران کە باری خاک ئەشواتەوە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  919 بینین
باران کە باری خاک ئەشواتەوە
زبڵ و پشقڵی پاک ئەکاتەوە
بە هاوین زەمین کەللەی گەرم ئەبێ
بە پەڵێ پەڵەی باران نەرم ئەبێ
بە کەللە ڕەقی هیچ ناچێتە سەر
بە نەرمی زەوی و دەرخت دێتە بەر
بە زستان مار و دووپشک نەچنە کون
سەرما دەماریان دەردێنێ لە بن
«بێ ورە» ترسی کە هات بە سەرا
کونەمشکی لێ ئەبێ بە سەرا
هەندێ هەمیشە ئەڵێ: سەرمامە
بن کلکی کەری لە لا حەمامە!
سەرما نەچێژیت ئاگرت ناوێ
زستانان ئەچنە بەر خۆرەتاوێ
تا ساردی و گەرمی جیهان نەچێژی
هەرچیت هاتە پێش خامی ئەیڕێژی
بە زللەی زەمان کە گوێت نەزرنگی
«تەمێ خواردوو» نیت پێت ناڵێن: زرنگی
بە خێر و بێرە ئەوەی کە فێرە
بزن بە بێرە و گاجووت بە گێرە
مام ڕێویش خواردی شیری پیرێژن
کلکە قوڵێیان بڕیبوو لە بن