مایەی سرووشتی کچ هەر بۆ شووە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  814 بینین
مایەی سرووشتی کچ هەر بۆ شووە
نێر و مێ یەک کەوت ئاگر و پووشووە
لە ئادەمەوە هەروا هاتووە
گیانلەبەر بە جووت پێی ڕاهاتووە
ئەمەی کچ و کوڕ یەکیان خۆش ئەوێ
سڕێکی خوایی تیا دەردەکەوێ
ئەم جووت گرتنە بۆ نەتەوەیە
نەتەوەیش بۆ باوک بە ئەرک و وەیە
خوا شەفەقەتی نەدایە بە پیاو
بەم ئەرکە ئەولاد چۆن ئەهاتە ناو
هەرچەند کەس ڕۆڵەی بەکاری نییە
ئازاری هەیە بێزاری نییە
خوا خۆی فەرموویە ئەولاد عەدووە
خۆ ئێستا هێجگار لە ڕێ دەرچووە
ئەوی هەیەتی وا لێی بێزارە
ئەوی نییەتی بۆی دەغەزارە
ڕۆژێ سندووقێ لە مەزاتا بوو
دەڵاڵ بەو خەڵکەی ئەگووت ڕووبەڕوو
هەرچی بیکڕێ وا پەشیمانە
ئەویش نەیکڕێ خەفەتی گیانە
لەم موعەممایە مەبەست ئەولادە
باوکی ئەم عەسرە ڕەنجی بە بادە