جاران هەر شارێ بینا ئەنرا

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  580 بینین
جاران هەر شارێ بینا ئەنرا
قەڵایەکی بۆ دروست ئەکرا
کە دوژمن زۆری بۆ بهێنایە
خۆی ئەکوتایە ناو ئەو قەلایە
ئەوسا تۆپی وا پەیدا نەبووبوو
بڵێی قەلاکە ئەڕووخێنێ زوو
تا ئەم دوایییە کە وا ئەڵەمان
تۆپێکی وەهای هاویشتە جیهان
قەلای «لی یژی» بەو تۆپە لێژ کرد
بێلژیک و پارسی بە جارێ گێژ کرد
چاڵی لە ڕێگەی هاوسێدا هەڵکەند
کەچی خۆی تێکەوت خوا تۆڵەی لێ سەند
دوای تۆپ و بۆمبای بۆ مەرگی گیاندار
زیڕەی قونبەلەی زەڕڕە کەوتە کار
یاخوا ئەهلی فەن هەموو بە پەند بن
خۆشی نەبینن گیرۆدەی بەند بن
لەگەڵ چاکەدا ڕۆحتان دوژمنە
هونەر و فەنتان بۆ پیاو کوشتنە
لەباتی تۆپ و قونبەلە و بۆمبا
حەبێ دروست کەن برسیەتی لابا
بۆ خواردنە خەڵک وا هاوار دەکا
هەر برسیەتییە کە پیاو هار دەکا