پێشینان دەڵێن: گوڕەی بۆرە پیاو

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  740 بینین
پێشینان دەڵێن: گوڕەی بۆرە پیاو
هەڵدەبلۆقێ وەک بڵقی سەر ئاو
لەگەڵ بایەکی لێ بکەوێتە کار
لە چاو گوم دەبێ بە بێ شوێنەوار
بەڵام یەکێکی دانای خوێندەوار
بیشکەوێتە بەر زللەی ڕۆژگار
عەقڵ و تەجرەبەی پێ زیاتر دەبێ
بۆ کاری گەورە بەکارتر دەبێ
تا نەکەوێتە بەر پەلی زەمان
دۆست و دوژمنی ناناسێ ئینسان
وا بە چاوی خۆم دیم کە هێندێ خەڵک
یەک ماڵ بوون لەگەڵ پیاوێکی بە کەڵک
هەر ئەوەندە بوو تا ڕەتێکی برد
وەرگەڕانەوە وەک نیسک دەست و برد
بەوە نازانن کە خۆیان دەرخست
ناویان لێ ئەنێن بێ بەر و بێ پشت
با ئەو کەسەیش خۆی لێیان ببورێ
پیاوەتی و وەفا لێیان ئەتۆرێ
سەهوون کە ئەڵێن ئێستا لەم شارە
پیاوی دوودەک و دووڕوو بەکارە
ڕۆژێکیان ئەبێ کۆمەڵی پیاوان
کە ڕووبەڕوو تف بکاتە ڕووی وان