چاکە و خراپەیش ئەندازەی هەیە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  680 بینین
چاکە و خراپەیش ئەندازەی هەیە
کەم کەس ئەزانێ حەددی تا کەیە
ئەندازەی چاکەیش کە هات تێپەڕی
نابەکار تا بێ ئەیداتە بەری
بەخۆوەنەدیو سورمەی لەبەر کەی
ئەبێ زۆر پیاوی کاردیدە دەرکەی
ئەسپی عەرەبیت دا بە گۆڵی سوار
سەرکێشی ئەکا و بۆی نایەتە بار
هەرچی هاتە پێش تێوە ئەگلێ
دیارە کە دوایی خۆیشی ئەگلێ
کاربەدەست لە سەر تەجرەبە ئەڕوا
گۆشت بۆ قەساب و نان بۆ نانەوا
جاران منداڵمان ئەناردە حوجرە
فەلاقە ئەکرا بە داری گزرە
بە مامۆستامان ئەگوت وەک دوژمن
گۆشتی بۆ تۆ بێ و ئیسقانی بۆ من
بەڵام کاتێ کێرد گەییە ئێسقانی
جەرگمان ئەسووتا و دەرمان ئەهانی
باوک بۆ ئەولاد هیچ چاری نییە
ئازاری هەیە و بێزاری نییە
کاری تەربیە ئەندازەی ئەوێ
لە حەد ترازا پەکی ئەکەوێ