خۆزگە ئەمزانی ئەم ڕەشەبایە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  821 بینین
خۆزگە ئەمزانی ئەم ڕەشەبایە
کە هاوینان دێت بۆچ وا گەرمایە
کەچی زستانان کە ئەلرفێنێ
هێند بە تەوژمە گا ئەفڕێنێ
های شەماڵ خۆت و شەماڵت بژین
فێنکیی دڵە شنەت بە هاوین
شەماڵ خەرمانی پێ بە شەن ئەکرێ
ڕەشەبا کەڵکی کام ئیشمان ئەگرێ
تۆزی ڕەشەبا چاوی کوێر کردین
شەو لە سەربانا ئابڕووی بردین
بە هەموو بایەک ئەلەرێینەوە
بە هۆرتە و بەڕە ئەگەڕێینەوە
ئەم گێرە و کێشە لە بێ کارییە
ماڵە و ماڵ گەڕان لە ناچارییە
ئەوی ئیشێکی بۆ خۆی پێکهانی
نایپەرژێتە سەر واتەی دیوانی
ئەوی لە ژن و ماڵی مەمنوونە
چی لە قومارە و ئەم توونا و توونە
ئەوی بۆ قومار ئەچێتە جێیان
شەو ئەباتەسەر تا بەری بەیان
دیارە دەربەستی ماڵ و حاڵ نییە
شەیتانیش لەدوا هی وا شەقییە