ئاگرێ کەوتۆتە ئەم جیهانەوە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  792 بینین
ئاگرێ کەوتۆتە ئەم جیهانەوە
دۆستیش ئەسووتێ بە بێگانەوە
هەرچی کە بەرگی مێردیی لەبەرە
ئەم ڕۆژە هەوڵی قەومی لە سەرە
ئەگەر گشت لایێ نەکەونە غیرەت
نەکەونە فریای وڵات و عەشرەت
ئەم گێژە گێژەی تیا ڕسگار نابێ
مەلەی پێ دەوێ بە هاوار نابێ
ئەمڕۆ پێویستە کە تۆ تێکۆشی
نەک دوایی بەرگی ماتەم بپۆشی
هەتا تەڕ نەبووی ئەبێ تێ هەڵچی
ئەڵێن پاش باران کەپەنەک بۆچی
خۆت خوێندەواری کوڕیشت فێر کە
نانێ کەم بخۆ برسییەک تێر کە
کە لەگەڵ عەشرەت کەوتیە هەرزانی
ئەمەندە بخۆ هەتا ئەتوانی
ئێستا ئاگامان لە خۆمان نییە
تێناگەین مەکری پیرێژن چییە
ئەگەر لێک ببڕێین لە «ژین»یش ئەبڕێین
ئەبێ بزانین کە وا لە سەر ڕێین
لە تەنگانە داین، دوژمن بەدبەختە
دەستی یەک بگرین، پلەکەی سەختە