ئەلف بۆیە پێش هەموو حەرفانە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1112 بینین
ئەلف بۆیە پێش هەموو حەرفانە
لووس و باریک و ڕاست و ڕەوانە
ئەوی کە چەوتە بووە بە حەڵقە
یا بۆ پێ، پێوەند، یا بۆ مل، تەوقە
دیارە کە ڕێوی چەند حیلەکارە
بە داوی تەڵەی چەوت گرفتارە
ئەوانەی چەوتن گیان لە بەر ئەگرن
خوا نەیداونێ کە سەر هەڵبڕن
چەند خۆشە ئینسان ڕاست و سەربەرز بێ
نەک چەوت لە بڕین بە ترس و لەرز بێ
لقی هەر دارێ کەوا خوار ڕۆیی
ڕاست نەبێتەوە ئەیبڕێ خێوی
مار بە گینگڵە و بە پێچ ئەخشێ
کە کوژرا ئینجا ڕاست ڕادەکشێ
ئەوی خۆی لە خەڵک بە فێڵ ئەگۆڕێ
گۆڕ وایە بیگری و بیخەیتە گۆڕێ
کاک ئەحمەد دوعای ئەکرد بۆ باجگر
نەمرێ و نەبێتە باجگر ئەوی تر
ئێستا باجگریی پیشەی ڕەسمییە
کاسبیی حەڵاڵ ڕوو لە کەمییە
تۆ واتەی مچە بێ مەعنا مەگرە
گەواد لە جاسووس بێ مزەڕەت ترە