بۆ نەتەوەی چاک دوو چشتە ڕەهبەر
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
815 بینین
بۆ نەتەوەی چاک دوو چشتە ڕەهبەر
کە وا حەیاتی پێ دەباتە سەر
ئەووەڵ تەربیەی دایک و باوکە
کە بۆ ڕێی تاریک وەک چراوکە
کە ڕابەری بوو ڕێی لێ گوم نابێ
هەرچەند ڕێی ژیان پێچ و پەنا بێ
کە بە منداڵی تەربیە نەدرێ
بە گەورەیی خووی خراپان ئەگرێ
ئەوسا کە کەوتە سەر ڕێی بەدخوویی
نەگەڕایەوە و لەسەری ڕۆیی
ئینجا حکوومەت ناچار ئەمێنێ
جەزای قانوونی دەرحەق بنوێنێ
ئەوەی تەربیەی ئەولادی نادا
هەموو ڕەنجی خۆی ئەدا بە بادا
ئەولادی بەدخوو کە بە شەڕ فێرن
جنێو بۆ باوک و دایکیان ئەنێرن
بێ حەیا لەککەی ڕووی کەس و کارە
کەچی بۆ ئێستە هی وا بە کارە
بێ نامووس یەعنی مێشوولەی نییە
مێشی نەیێتێ کوللەی بۆ چییە
بەڵام بێ شەرمی هەر بێ ئەنوایە
ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆی لە دوایە